پێشبینی دەکرێت باخەکانی شاری شنۆ زیاتر لە 4000 تۆن گێلاس بەرهەمیان هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوی شنۆ و گێلاس پێکەوە بەستراونەتەوە. هەر کە ناوی ئەو میوە بەهارییە دێت، سەرنجەکان دەچنەسەر شنۆ. شارە بچووک، بەڵام پڕ بەرهەمەکەی پارێزگای ورمێ، ئەمساڵ پێشبینی کراوە، چوار هەزار و 83 تۆن گێلاس لە باخەکانی ئەو شارە هەڵبگیرێنەوە.
 
سەرما و وشکەساڵیی ئەمساڵ کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی باخەکانی شنۆ داناوە. کەمبوونەوە و زۆریی رێژەی هەڵاوسان بووەتە هۆی هەڵکشانی زۆریی نرخی گێلاسیش. نرخی کیلۆیەکی گەیشتووەتە 120 هەزار تمەن.
 
خاوەن باخەکان دەڵێن، کەسانێک دەچنە باخەکان تاوەکو بە خواردنی بێ بەرامبەری دوو دەنک گێلاس، نەوسیان کوێر بکەنەوە.
 
لە باخەکانی شنۆ چەند جۆرێک گێلاس بەرهەمدێن، بەنێوبانگترینیان تەکدانە، هێشوویی، زەرد و سپی و خۆماڵین.
 
گێلاسی شنۆ بۆ رووسیا، ئەرمینیا، وڵاتانی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت. بەپێی ئاماری فەرمانگەی کشتوکاڵی شنۆ، لە 45 رۆژەی وەرزی گێلاسدا دەرفەتی کارکردن بۆ لانیکەم حەوت هەزار کەس دەڕەخسێت.
 
818 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی شنۆ کراوەتە باخی گێلاس. 498 هێکتاری پێڕاگەیشتووە و بەرهەمی هەیە؛ 320 هێکتاری تازە چێندراوە و هێشتا بەرهەمی نییە. ئەگەر شنۆ ببێتە خاوەن پیشەسازیی بگۆڕ، گێلاس زۆر لە ئێستا زیاتر سوودی بۆ شارەکە دەبێت.