پڕۆژەیاسای رێکخستنەوەی کرێی خانوو لە پەرلەمانی ئێران پەسندکرا


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ نۆرەی دەسپێشخەریی پەرلەمانی ئێران بوو بۆ ئەوەی کێشەی کرێی خانوو رێکبخرێت، چوارچێوە گشتییەکانی پڕۆژە یاسایەکی پەسندکرد. پەرلەمانتارێکی ئێران دەڵێت، لەم پڕۆژە یاسایەدا هەوڵدراوە کرێی خانووبەرە رێکبخرێت، دەشڵێت: "سەرەتا بەرزبوونەوەی کرێ کۆنتڕۆڵ بکەین، نووسینگەکانی خانووبەرە دەیانەوێت کرێ بەرز بێتەوە بۆ ئەوەی داهاتی خۆیان زیاتر بێت." 
 
عەلی خزریان، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت: "هەوڵدەدەین نرخی گرێبەست لە ئاستێکی دیاریکراودا جێگیری بکەین بەجۆرێک لەجێی ئەوەی نووسینگەکان کرێ بەرز بکەنەوە، گرێبەستی زیاتر بکەن، بۆ سەرپێچیکارانی ئەمەش سزای زۆر قورس دیاریکراوە. بابەتێکی دیکە ئەوەیە خاوەن خانووەکان داوای کرێ خانوو بە نرخی زیاتر لە نرخی دەستنیشانکراو دەکەن و گوشار دەخەنە سەر کرێچی. ئێمە بە وەرگرتنی باج لەسەر نرخی گرێبەست، وادەکەین خاوەن خانووەکان لە دیاریکردنی نرخدا دادپەروەرانە بجووڵێنەوە، هەروەها وامان داناوە خەڵک چیدیکە سەردانی نوسینگەکان نەکات بۆ بەکرێگرتنی خانوو، بەڵکوو لەڕێی ئینتەرنێتەوە خۆیان خانوو بەکرێ بگرن."
 
سەرەتای هاوین کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی کرێی خانووە، بەڵام هەڵاوسان و دابەزینی داهاتی ماڵباتە کرێنشینەکان، وایانکردووە دابینکردنی رەهن و کرێ بۆ کرێچی ئەستەم بێت. 
 
سەرۆکایەتیی سێ دەسەڵاتەکەی ئێران، بڕیاریانداوە رەهن و کرێ لە تاران 25٪ و لە شارەکانی دیکەش 20٪ زیاتر بکرێت، بەڵام کرێنشینەکان دەڵێن، خاوەن خانووەکان پابەندی ئەمە نین تاوەکو سەتا سەتیش کرێیان زیادکردووە. حکومەت دەڵێت، چاودێرییەکانی چڕتر دەکەنەوە.
 
محەممەد موخبر، جێگری سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "بڕیارنامەیەک لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی دەزگاکاندا دەرچوو بۆ ئەوەی کرێ زۆر گران نەکرێت، لەم رۆژانەدا چاودێرییەکانیش دەستپێدەکات و رێکاری یاسایی دژی ئەوانە دەگیرێتەبەر کەوا نرخ گران دەکەن".
 
بانکی ناوەندیی ئێرانیش بڕیاریداوە هەندێ ئاسانکاری بۆ کرێنشینەکان بکات و قەرزیان پێبدات بۆ ئەوەی بتوانن پارەی رەهن دابین بکەن.
 
ساڵح ئابادی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت: "لە تاران 100 ملیۆن تمەن، لە شارە گەورەکان 70 ملیۆن تمەن و لە شارەکانی دیکەش 40 ملیۆن تمەن وەکو یارمەتی رەهن بە خەڵک دەدرێت. بێگومان هەموو پێویستییەکان پڕناکاتەوە، بەڵام یارمەتییەکە بۆ ئەوانەیە کە دەیانەوێت خانوو بەکرێ بگرن".
 
لە ئێراندا نزیکەی هەشت ملیۆن و 500 هەزار کرێچی هەن. رێگەچارەی حکومەت بۆ دیاریکردنی نرخی کرێ لە ساڵانی رابردوودا سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە بازاڕی خانووبەرە ئارام بکاتەوە و کێشەی کرێنشینەکان هەموار بکات.