لە تاران نوێژی مردوو لەسەر تەرمی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە تارانی پایتەختی ئێران بە پێشنوێژیی عەلی خامنەیی نوێژ لەسەر تەرمی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی کرا و بڕیارە سبەینێ بەخاک بسپێردرێن.
 
دەیان هەزار کەس لە تارانی پایتەختی ئێران بۆ نوێژکردن لەسەر تەرمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی وڵات و یاوەرانی کۆبوونەوە؛ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران پێشنوێژیی بۆ خەڵک کرد. دوای بەڕێوەچوونی نوێژەکەش، خەڵک لەکاتی ماڵئاوایی لە تەرمەکان شینیان گێڕا.
 
رێوڕەسمەکە لە کاژێر 07:00 بە کاتی هەولێر لەبەردەم زانکۆی تاران دەستیپێکرد.
 
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 03:30 خولەک بەکاتی هەولێر لە تاران پرسەی فەرمی بە بەشداریی شاندە بیانییەکان، لەنێویاندا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەشداری لە پرسەکە دەکات.
 
بە گوێرەی خشتەی بەرنامەی فەرمیی ئێران، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 23-05-2024 لە کاژێر 07:30 خولەک بەکاتی هەولێر تەرمی رەئیسی ببرێتە شاری بیرجەند لە پارێزگای خوراسانی باشوور و لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژیش بەرەو مەشهەد بەڕێدەکرێت، هەر لەوێش بەخاک دەسپێردرێت.
 
 
کاژێر 01:00ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 19-05-2024 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)یان لە پارێزگای تەورێز کردەوە.
 
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.
 
بەپێی بەرپرسان و میدیای ئێران، بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، نەیانتوانیوە لەکاتی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا شوێنەکەی دەستنیشان بکەن، بۆیە دوای چەندین کاژێر لە گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکە و بەشداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکنجیی تورکی لە ئۆپەراسیۆنەکە، توانرا هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکە بدۆزرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 21-05-2024 رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی لە تەورێز رێکخرا، تەرمەکان لەوێ بەنێو خەڵکدا گێڕدران و خەڵک ماڵئاواییان لێکردن.