دوای راپۆرتێکی رووداو میدیای پاسدارانی ئێران روونکردنەوە لەبارەی وێنە ساختەکانی دەدات

22-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو لە راپۆرتێکدا کۆمەڵێک زانیاری و وێنەی ساختەی میدیاکانی سوپای پاسدارانی لەبارەی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، بازرگان و کەسایەتیی خێرخوازی هەولێر بەدرۆ خستەوە، کە راپۆرتەکە لە میدیا ناوخۆیی و ئێرانییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسداران خۆی لە وێنە ساختەکراوەکان بێبەری بکات و بیخاتە ئەستۆی دامودەزگا میدیاکانی دیکەی وڵاتەکەی.
 
رۆژی شەممە، 20ـی ئەم مانگە ئاژانس و ماڵپەڕەکانی سوپای پاسداران کۆمەڵێک وێنەی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و کەسایەتی خێرخوازی شاری هەولێریان لەگەڵ حاخامێکی جوو و چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە و خاوەن کۆمپانیایەکی خانووبەرە بڵاوکردەوە و کردبوویان بە بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئەو بازرگانە کوردە "هاوکارێکی ستراتیژی مۆساد"ـە بەڵام دوای ئەوەی رووداو لە راپۆرتێکدا راستی وێنەکانی خستەروو و دەرکەوت ئەو وێنانە بە فۆتۆشۆپ دەستکاریکراون، ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران لە راپۆرتەکەی پاشگەزبووەوە و دەڵێت: "ئێمە سەرچاوەی یەکەم نین لە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە" و دەیخاتە ئەستۆی ناوەندی دەنگ و رەنگ (صدا و سیما) ی کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
ئەو وێنانەی کە ساختە کراون.
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران هەواڵێکی لەژێر ناونیشانی "سەرچاوەی یەکەمی وێنەکانی پێشڕەو دزەیی کوێیە؟" بڵاوکردووەتەوە و هەوڵیداوە خۆی لەم ساختەکارییەی بۆ وێنە و کەسایەتی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی کراوە، بێبەری بکات و تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ناوەندێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
ماڵپەڕی تەسنیم نووسیویەتی؛ "سەرباری ئەو گومانانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ئاژانسی تەسنیم یەکەم سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی پێشڕەو دزەیی نەبووە و وێنەکان پێشتر لە هەندێک میدیا و لەناویشیاندا بەشی هەواڵیی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکرابووەوە"
 
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلی شارەکە کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی 11 مانگ و هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا. 
 
رۆژی سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و لە ماڵی پێشڕەو دزەیی رایگەیاند، ئەو خانووەی کراوەتە ئامانج شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ پەیوەندی بە بنکە و بارەگای ئیسرائیل و مۆسادەوە نییە.
 
ئەو لێدوانەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کاردانەوەی نێودەوڵەتی و میدیایی زۆری بەدوای خۆیدا، بەتایبەت لە سەرەتای شەڕی غەززەوە بەرپرسان و میدیا فەرمییەکانی ئێران ئیسرائیلیان بە "حکومەتی منداڵکوژ" وەسف دەکرد، بەڵام بەهۆی کوژرانی ژینەی تەمەن 11 مانگ لە رووداوەکەدا، بەرپرسانی ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسدارانی تووشی شڵەژان کرد و بووە هۆی ئەوەی چەندین لێدوانی ناکۆک و دژبەیەک لەبارەی ئامانجیان لە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو بازرگانە کوردە بدەن. 
 
لە راپۆرتەکەی رۆژی 20ی ئەم مانگەی ماڵپەڕی سوپای پاسداران کە تێیدا هەوڵیدابوو بە رای گشتی نێوخۆی بڵێت، پێشڕەو دزەیی کێیە، چەندین وێنەی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی بڵاوکرابووەوە، یەک لەوان وێنەیەک بوو کە لە ئاهەنگێکدا لە تەنیشت حاخامێکی جوو راوەستاوە، بەڵام زۆری نەخایەند کە وێنە ئۆرجیناڵەکە دەرکەوت و زانرا کە ئاژانسەکەی سوپای پاسداران بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ وێنەی پێشڕەو دزەیی خستووەتە پاڵ حاخامەکە.

 

 
ئەو ئاژانسەی سوپای پاسداران دوای کاردانەوەی میدیایی و جەماوەری بەرامبەر بەکارهێنانی وێنە ساختەکراوەکانی پێشڕەو دزەیی، ئاماژەیداوە؛ "دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەلایەن ئاژانسی تەسنیمەوە لەبارەی ناسنامەی پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، هەندێک سەرچاوە، راستی بەشێک لە وێنەکانی نێو راپۆرتەکەیان خستە ژێر پرسیارەوە".
 
ئاژانسی تەسنیم سەرباری ئەوەی لە راپۆرتەکەی رۆژی شەممە، 20ـی ئەم مانگەدا راپۆرت و وێنەکانی نێو راپۆرتەکەی لەژێر ناوی (تایبەت بە ئاژانسی تەسنیم) بڵاوکردبوویەوە، لەم روونکردنەوەیەدا خۆی لێ بێبەری دەکات و خەتاکە دەخاتە ئەستۆی دوو دامەزراوەی میدیایی دیکەی وڵاتەکەی و دەڵێت: "ئاژانسی تەسنیم یەکەم سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە نەبووە و ئەو وێنانەی باسیان لێدەکرێت، پێشتر لە میدیاکانی دیکەی وەکو بەشی خەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەناڵی پرێس تیڤی بڵاوکراونەتەوە".
 
پێشڕەو مەجید دزەیی، لەگەڵ ئەوەی کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەکرد، یەکێک بوو لە خێرخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی داعشدا، زیاتر لە شەش مانگ لە میحوەری دیبەگە ئەرکی دابینکردنی خۆراکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرتە ئەستۆی خۆی، بە هاوبەشی لەگەڵ نۆ بازرگانی دیکە، ژمارەیەک قوتابخانەیان دروستکردووە، کە تاوەکو ئێستاش هەندێکیان تەواو نەکراون. 
 
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، 93 ھەزار دەستکێش، 750 چاویلکەی پزیشکی، سێ هەزار ماسکی N95، 1875 جلی تایبەب بە کۆرۆنا و چەندان کارتۆن پێداویستیی پزیشکی دیکەی پێشکێشی تەندروستیی هەولێر کرد.
 
هەروەها لە کەمپەینی رەنجی شەهیدان کە تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2015ـدا رایگەیاند، بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشییە ماڵباتی شەهیدانی شەڕی داعش.
 
سالار هاوار ئاغا، ئامۆزای پێشڕەو بە رووداوی گوت "مووچەی بۆ دەیان خێزانی بێسەرپەرشت بڕیوەتەوە، بەڵام تەنیا خۆی دەزانێت و نەیوستووە کەس بەو خێرە بزانێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە