لە رووداوێکی تەقەکردندا پێنج سەربازی ئێران لە کرمان کوژران

22-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە بنکەیەکی سوپای ئێران لە پارێزگای کرمانی باشووری وڵاتەکە، پێنج سەرباز کوژران.
 
ئەمیر غولامعەلیان، فەرماندەی قەرارگەی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی سوپای ئێران رایگەیاند، ئەمرۆ لە بنکەیەکی سەربازیی سوپا لە پارێزگای کرمان، سەربازێک تەقەی لە ژمارەیەک سەربازی دیکە کردووە و رووداوەکە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی لێکەوتووەتەوە.
 
ئەمیر غولامعەلیان گوتی، "کاژێر 16:35 ئێوارە بە کاتی تاران (16:07 بەکاتی هەولێر) سەربازێکمان کە لە یەكێک لە بنکە سەربازییەکانی سوپا، خەریکی پاسەوانی بووە، چووەتە نێو شوێنی پشوودانی سەربازان و بە هۆکارێک کە هێشتا دیار نییە، تەقەی لە سەربازانی دیکە کردووە."
 
بە گوتەی فەرماندەکەی سوپای ئێران، پێنج سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون.
 
فەرماندەی قەرارگەی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی سوپای ئێران هەروەها رایگەیاندووە، ئەو سەربازەی تەقەی کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی پێنج سەرباز، لە بنکە سەربازییەکە هەڵاتووە و هێزە ئەمنییەکان هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو سەربازە چڕ کردوونەتەوە.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا، کە بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.
 
رۆژێک دوای رووداوەکە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون، دواتر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیش رایگەیاند، زیاتر لە 35 کەس بە تۆمەتی هاوکاری و بەشداریکردن لە کردەوە ''تیرۆریستی''ـیەکەدا دەستگیرکراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە