سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سیستان و بەلووچستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەمین گەشتیدا بۆ پارێزگاکانی ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. بریارە لەو سەردانەدا بریار لەسەر چەندین پرۆژەی خزمەتگوازی لەو پارێزگایە بدرێت و بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پرۆژەش دابین بکرێت.
 
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە فڕۆکەخانەی شاری زاهیدان، ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و لەلایەن بەرپرسانی پارێزگاکەوە پێشوازی لێکرا.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، سەردانەکە بۆ ماوەی یەک رۆژە و 11 وەزیر و بەرپرسی حکومەت یاوەری پزیشکیانن. 
 
لە یەکەمین لێدوانیدا بۆ میدیا دوای گەیشتی بە فڕۆکەخانەی زاهیدان، پزیشکیان گوتی: "سیستان و بەلووچستان پارێزگایەکی بێبەشکراوە و ئامانجمان ئەوەیە بگەینە خزمەتی خەڵکی ئەم پارێزگایە و بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانیان بکەین."
 
جەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن، موحسین حاجی میرزایی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆمار، عەبدولکەریم حوسێن زادە، جێگری سەرۆککۆمار بۆ گەشەپێدانی گوند و ناوچە پەراوێزەکان، عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە، فەرزانە سادق مالواجێرد، وەزیری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە، سەید محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزە و چەندین بەرپرسی دیکە لەگەڵ پزیشکیانن.
 
سەردانەکەی پزیشکیان بۆ سیستان و بەلووچستان یەکەم سەردانیەتی بۆ پارێزگاکانی ئێران لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆککۆماری ئێران.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، سەردانی پزیشکیان بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە سێ قۆناخدا دەبێت، سەردانی ئەمڕۆ قۆناخی یەکەمیەتی و تەنیا بۆ شاری زاهیدانە. قۆناخی دووەم و سێیەمی سەردانەکەش لە مانگی داهاتوودا دەبێت و بۆ شارەکانی چابەهار لە باشووری پارێزگاکە و زابۆڵ لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە دەبێت.
 
بریارە لە سەردانی ئەمڕۆدا بریار لەسەر چەندین پرۆژەی خزمەتگوازی لەو پارێزگایە بدرێت و بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پرۆژەش دابین بکرێت.
 
پزیشکیان لە زاهیدان سەردانی پارکی زانست و تەکنۆلۆژیای زانکۆی زاهیدان دەکات، هەروەها بەجیا لەگەڵ بازرگانان، رۆشنبیران و نوخبەی سیستان و بەلووچستان و چالاکڤانانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئەو پارێزگایە کۆدەبێتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها دواتر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی پلاندانان و پەرەپێدانی پارێزگاکە دەکات و کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەهێنێت و دەگەڕێتەوە تاران.
 
پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، رووبەرەکەی 180 هەزار و 726 کیلومەتری چوارگۆشەیە و 11٪ی رووبەری ئێران پێکدەهێنێت. بە پێی دوایین سەرژمێری فەرمیی لە ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسە.