ئێران درۆنێكی نوێی نمایش کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئێران نوێترین درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکە بالستییەکانی لە تاران نمایش دەکات. ئەم نمایشە بە بۆنەی هەفتەی بەرگری بەڕێوەچوو کە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی شەڕی ئیران - عێراقە.
درۆنی بۆمبڕێژکراوی شاهید-136 بی، درۆنی پێشکەوتووی شاهید-136ـە کە دەتوانێت مەودای چوار هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، لەگەڵ 23 مووشەکی بالیستی نمایشکران.
جیهاد، فەتاح و حاج قاسم لە پێشکەوتووترین مووشەکەکان بوون کە نمایشکران.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیران لە رێورەسمەکە ئامادەبوو و رایگەیاند: "ئەمڕۆ، هێزی بەرگری و راگرتنی ئێران بە شێوەیەک گەشەی کردووە کە هیچ دووژمنێک ناتوانێت بیر لە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بکاتەوە."
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها پەیامێکی دایە وڵاتانی ناوچەکە و گوتی: "بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان وڵاتانی ئیسلامی، دەتوانین ناوچەکەمان لە ئارامی و ئاسایشدا بهێڵینەوە و وا بکەین، ئیسرائیل نەتوانێت درێژە بە تاوانەکانی بدات."
پزیشکیان گوتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە بەهێزەوە دەتوانین بە جیهان رابگەیێنین، سەرەڕای ئەوەی کە دەتوانین بەرگری لە وڵاتی خۆمان بکەین. بە یەکگرتوویی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ ئەوان دەتوانین ئاسایش و ئارامی ناوچەکەمان بپارێزین و ئەو ئیسرائیلە خوێنرێژە کە بەزەیی بە ژن و منداڵ و پیر و گەنج دا نایەتەوە، ناچار بکەین لە جێی خۆی دابنیشێت."
نمایشکردنەکە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی درۆن دەداتە رووسیا و دەستوەردان لە جەنگی ئۆکراینا دا دەکات. هەر بۆیە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا سزایان بە سەر ئێراندا سەپاندووە. تۆمەتێک کە ئێران بەردەوام رەتیدەکاتەوە.