لە رێگەی چوون بۆ کەربەلا 28 زیارەتکاری پاکستانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی مانگی سوور دەڵێت، پاسێکی زیارەتکارانی پاکستانی لە رێگەی هاتن بۆ عێراق وەرگەڕاوە و ئاگری گرتووە؛ لە ئەنجامدا 28 کەس گیانیان لەدەستدا و 23ـی دیکەش بریندارن.
رۆژی چوارشەممە، 21-08-2024، کۆمەڵەی مانگی سوور لە ئێران رایگەیاند: "کاژێر 9:54ـی شەوی رابردوو، پاسێک کە سەرنشینەکانی زیارەتکاری پاکستانی بوون، لەسەر رێگەی پارێزگای یەزد بەرەو چەزابە دەڕۆیشت، بە مەبەستی گەیاندنی زیارەتکاران بە کەربەلا، بەڵام لە رێڕەو دەرچووە و خۆی کێشاوە بە دیوارێکدا."
کۆمەڵەکە راشیگەیاند: "28 کەس گیانیان لەدەستداوە، 23 کەس بریندارن و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە زۆرە. برینی حەوتیان سەختە و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
لە رووداوەکەدا پاسەکە ئاگری گرتووە و تەرمی هەندێک لە سەرنشینەکان گیریان خواردبوو، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمەکانیان دەرهێناوە و رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.
مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکان لە پارێزگەی یەزد گوتی: "بەداخەوەین 11 ژن و 17 پیاو گیانیان لەدەستداوە. کۆنسووڵخانەی گشتیی پاکستانمان لە ئێران ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە بێنە یەزد."
رۆژی سێشەممە، 20-08-2024، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ژمارەى ئەو زیارەتکارە بیانییانەى لە رێگەى دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە لە 6ى ئاب تاوەکو 19ى ئاب هاتوونەتە نێو عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 زیارەتکار بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پێشوازیکردن و بەڕێکردنى زیارەتکاران."
عەلائەدین قەیسی گوتى: "هەر لەو ماوەیەدا ئەو زیارەتکارانەى گەڕاونەتەوە زیاتر لە 1 ملیۆن و 700 هەزار کەس بوون".
25ـی ئاب یادى چلەى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و زیارەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى شارى کەربەلا دەکەن کە مەزارگەى ئەو ئیمامەى لێیە.