ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر داوای هاوکاری لە وڵاتان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
قاچاخچییەکانی مادە هۆشبەرەکان فێڵ و تەڵەکەی زۆر بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بەکاردێنن، بەڵام هەمیشەش سەرکەوتوون نین.
عەلی ئازادی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە دەڵێت، تەنیا لە 5 مانگی رابردوودا دەستیان بەسەر 435 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گرتووە و هەزار و 617 قاچاخچی مادەکەیان دەستگیرکردووە، زۆربەشیان ئەو کەسانە بوون رۆژانە مادە هۆشبەرەکان بەنێو بەکارهێنەراندا بڵاودەکەنەوە.
بەڵام دەستبەسەردا گرتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی ئێراندا زۆر زیاتر لەوەیە، ئەمە فەرماندەی پێشووی پۆلیسی ئێران کە ئاماری ساڵی رابردوو دەخاتەڕوو.
ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی پێشووی پۆلیسی ئێرانە و دەڵێت، "ئێمە لە ساڵی 1401دا دەستمان بەسەر زیاتر لە 400 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە؛ ژمارەیەکی بەرزە، بۆیە قسەمان بۆ جیهان هەیە هەیە، لەم رێگەیەشدا شەهیدی زۆرمان داوە."
ئێران لەسەر رێڕەوی گواستنەوە و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان هەڵکەوتووە، کە زۆربەشی لە ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵام بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، هاوکارییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە یارمەتیدەرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان، بەگوێرەی پێویست نییە.
ئەسکەندەر موئمینی، سکرتێری ناوەندی بەرەنگابوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران دەڵێت، وڵاتە یارمەتیدەرەکان لە جیاتی پێشکەشکردنی یارمەتی و هەوڵدان بۆ سەرخستنی پلانە هاوبەشەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێران، دەستوەردان دەکەن. ئەوان بە بیانووی وەک مافی مرۆڤ، گەمارۆکان و بە سیاسیکردنی پرسەکان، ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن.
ساڵانە بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەریش لە ئێرانەوە دەهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و عێراقەوە. سامان ئیسماعیل، ئەفسەری یاسایی لە بەشی نەهیشتنی مادە هۆشبەرەکان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "زیاتر مادەی هۆشبەری لە ئێرانەوە دێت، چونکە سنوورەکانمان زۆر و تێکەڵن."
ئەرکان عومەر، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دهۆکیش دەڵێت: "وڵاتانی دراوسێمان هەموویان لەو پرسەدا دووژمنمانن."
بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، ساڵانە ئەم وڵاتە 700 تاوەکو یەک ملیار دۆلار خەرجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی مادەهۆشبەرەکان دەکات، بەڵام دەڵێن، بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان کاریگەر بن، پێویستییان بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە، لەڕووی دارایی و تەکنۆلۆژیای نوێ هەیە.