بەشێک لە بازرگانانی ئێران گلەییان لە بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووریی پەروێزخان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

بەشێك لە بازرگانانی دەروازەی سنووری پەروێزخان لە دیوی ئێران، گلەییان لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو دەروازە نێودەوڵەتییە هەیە. ئەوان سەردانی جێگری گومرکی ئێرانیان بۆ قەسری شیرین بە هەل زانی و کێشەکانیان بە ئەویش گەیاند، تاوەکو چارەسەریان بکات.
 
جەعفەر دانەچین، بازرگانێکە و دەڵێت، "دۆخی پەروێزخان رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت. بۆ هەر بارهەڵگرێک 200 هەزار تمەنمان لێوەردەگرن، کەس نازانێ لە کوێ خەرج دەکرێ، کۆمپانیایەک هاتووە، خاوەنەکەی تاوەکو ساڵی پار کارگەی داری هەبوو، ئێستا لێرە مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ کەرەنتینی رووەکەکان، بۆ هەر بارهەڵگرێک 70 هەزار تمەنم لێوەردەگرێت و بەڵگەیەکم پێدەدات کە تەنیا 500 مەتر پشتی پێ دەبەسترێت. بازرگانێکی عێراقی ناتوانێت 10 خولەک لای من بمێنێتەوە و تۆزێک بحەسێتەوە، ئەویش لە بارانی زستان و گەرمای تاقەتپڕوکێنی قەسری شیرین. کێشەکانمان زۆرن، دانە و دووان نین."
 
بە گوتەی بارزگانان کێشەکان تەنیا تەکنیکی نین، بەڵکو گلەییان لە بەرپرسان هەیە و دەڵێن لەڕووی سیاسییەوە نەیانتوانیوە بوار بۆ هەناردە بڕەخسێنن.
 
شەهبازی، بازرگانێکی دیکەیە و دەڵێت، "کێشەی سەرەکیی ئێمە لە سنوور، ئەوەیە دیپلۆماسییەکی راستەقینەی ئابووریمان لەگەڵ عێراقدا نییە. لە بواری ئابووریدا کێشەمان هەیە، کێشەکەش ئێمە لێرە هەستی پێدەکەین، بەڕێوەبەرانی ئابووریی ئێمە لە سنوورەکانی پەروێزخان و خەسرەوی، بۆ ئەو کێشانەی لە ئاستی نیشتمانیدان، نەیوانتوانیوە پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری دروست بکەن."
 
هەردوو دەروازەی پەروێزخان و خەسرەوی دەکەونە سنووری شاری قەسری شیرین، بەڵام بە گوتەی نوێنەری قەسری شیرین لە پەرلەمانی ئێران نەتوانراوە سوود لە تواناکانی دوو دەروازەکە وەربگیرێت.
 
شەهریار حەیدەری، نوێنەری قەسری شیرین دەڵێت، "ئەگەر هەر لێرە بچمە دەرەوە دوو هەزار داواکاریی دامەزرانم پێدەدرێت، ئەگەر سنوور رێکبخرێت، بەڵێن دەدەم ئەگەر رێکخراو بێت دەرفەتی کار بۆ هەزار کەس دەڕەخسێت."
 
پەروێزخان ساڵی 2007 کرایەوە و لەگەڵ شاری کەلار هاوسنوورە و لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا 211 ملیۆن و 880 هەزار دۆلار کاڵا و کەلوپەلی لێوە هەناردە کراوە.
 
محەممەد حەیدەری، قایمقامی قەسری شیرین دەڵێت، "نابێت سنوورەکان شوێنی گەندەڵی بن. دەستی گەندەڵکاران، تاڵانکاران و دزەکان لە هەموو شوێنەکانی شاری قەسری شیریندا دەبڕدرێت و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنینەوە."
 
دەروازە سنوورییەکان قازانجێکی ئەوتۆیان بۆ قەسری شیرین نەبووە، بازرگانان داوا دەکەن بەشێک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ پەرەپێدانی شارەکە تەرخان بکرێت.