لە ئێران بەشەخۆراک جێگەی یارانە دەگرێتەوە


رووداو - هەولێر

وەزارەتی ئابووریی ئێران دەڵێت؛ لە بری هاوکاریی کاشی مانگانە، فۆرمێکی خۆراکی ئامادە کردووە و لە سەرەتای پاییزەوە بەشێوەی کاتی و بۆ تاقیکردنەوە، بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
 
محەممەد هادی سوبحانیان، جێگری وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند؛ وەزارەتی ئابووری ژێرخانی پێدانی فۆرمی خۆراک لە جیاتی پارەی کاش ئامادەکردووە و بە مەرجی پەسندکردنی ئەو بڕیارە لە ئەنجوومەنی وەزیراندا، لە سەرەتای یەکەم مانگی پاییزەوە بەشێوەی کاتی و بۆ تاقیکردنەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
بەگوتەی هادی سوبحانیان، سەرەتا لەڕێگەی ئەو فۆرمەوە بەشەخۆراک دەدرێتە چینی کەمداهات، دواتر بەشێوەی پلەبەندی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە.
 
بڕیاری پێدانی بەشەخۆراک لە بری هاوکاریی کاشی مانگانە بە هاووڵاتییان لە ئێران لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا لە حکومەت دەکات نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک دابەزێنێت و بگەڕێنێنەوە بۆ نرخەکانی ساڵی رابردوو، بەڵام جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند؛ هیچ رێگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی نرخەکان بۆ ساڵی رابردوو نییە. 
 
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی خۆراک لەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٪40 بۆ 300٪ بەپێی جۆری خۆراک زیادیکردووە و تێچووی مانگانەی هەر خێزانێکی چوار کەسی بەراورد بە هاوینی ساڵی رابردوو 52٪ زیاتر بووە.
 
حکومەتی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە، بڕی هاوکاریی کاشی حکومی بۆ حەوت چینی کەمداهاتی ئەو وڵاتەی لە 130 هەزار تمەنەوە بۆ 300 تاوەکو 400 هەزار تمەن بەرزکردبووەوە، بەڵام ئێستا وەزارەتی ئابووریی ئەو وڵاتە دەڵێت؛ بۆ کۆنترۆڵی نەختینە و رێژەی هەڵاوسان لە بازاڕدا، لەبری هاوکاریی کاش، مانگانە خۆراک بەسەر چینە کەمداهاتەکاندا دابەش دەکات.