مانگی سووری ئێران: 14 حاجیی ئێرانی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی پزیشکیی حەجی سەر بە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، ئەم ساڵ تائێستا 14 حاجیی ئێرانی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
 
سەید عەلی مەرعەشی، سەرۆکی ناوەندی پزیشکیی حەجی سەر بە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، تائێستا 14 حاجیی ئێرانی لە سعودیە و لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان گیانیان لەدەستداوە، کە 11یان پیاو و سیانیان ژنن؛ هەروەها 52 حاجیی دیکەش نەخۆش کەوتوون کە 40 کەسیان لە نەخۆشخانەی مانگی سووری ئێران و 12ی دیکەش لە نەخۆشخانەکانی سعودیە خەوێندراون.
 
بە گوتەی مەرعەشی، شەش کەس لەو حاجییانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانیان لەدەستداوە، ئەوانەی دیکەش بەهۆی نەخۆشییەوە بووە. گوتیشی، دوو حاجیی ئێرانیش بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لە نەخۆشخانە خەوێندراون، کە یەکێکیان لە نەخۆشخانەی سعودی-ئەڵمانی لە مەککە و ئەوەی دیکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری جەددە خەوێندراوە.
 
ئەوەی تائێستا بە فەرمی راگەیێندراوە، سێ لەو حاجییانەی گیانیان لەدەستداوە کوردن و خەڵکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
کاوە شێرزادی، بەڕێوەبەری حەجی پارێزگای سنە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "سێ حاجیی خەڵکی ئەو پارێزگایە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ئەحمەدی، تەمەن 73 ساڵ و خەڵکی شاری سنە، عەزیزە ناسری، تەمەن 80 ساڵ و خەڵکی شاری سنە و فازل سادقی، تەمەن 51 ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لەکاتی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج لە مەککە و بەهۆی وەستانی دڵەوە گیانیان لەدەستداوە."
 
شێرزادی گوتیشی، "بە هەماهەنگیی خێزانەکانیان، تەرمی ئەو سێ حاجییەی خەڵکی پارێزگاکە لە شاری مەککە بە خاک سپێردراوە."
 
ئەم ساڵ زیاتر لە 87 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە.