گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران: چەناگەم شکاوە و دەبێت نەشتەرگەری بکەم

21-06-2023
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

عەلیڕەزا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران دەڵێت، لە یاریی نێوان هەڵبژاردەکانی ئێران و ئۆزبەکستاندا چەناگەی شکاوە و دەبێت نەشتەرگەری بکات.
 
رۆژی سێشەممە یاریی کۆتایی تۆپی پێی کافا – فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیای نێوەڕاست لەنێوان ئێران و ئۆزبەکستاندا کرا؛ لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا عەلیڕەزا بەیرانوەند تووشی پێکان بوو و نەیتوانی تاوەکو کۆتایی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئێران بێت.
 
هەڵبژاردەی ئێران ئەو یارییەی بردەوە و بووە پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکە. بەیرانوەند نەیتوانی لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکەیشدا بەشداری بکات. ئەو بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە چووە دەرەوە، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە مەدالیای لەملدایە و چەناکەی برینپێچ کراوە.
 
بەیرانوەند کوردە و خەڵکی پارێزگای لوڕستانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئەو دوای چوونەدەرەوە لە نەخۆشخانە لە ئینستاگرامی خۆیدا نووسی، "بەداخەوە چەناگەم شکاوە و ئازارێکی زۆرم هەیە و دەبێت نەشتەرگەریش بکەم."
 
بەیرانوەند لە یارییەکانی جامی جیهانی ساڵی رابردووی قەتەریشدا تووشی پێکان بوو و چەندین هەفتە بە ماسکی تایبەتەوە یاری دەکرد.
 
بەیرانوەند گۆڵپارێزی یانەی پێرسپۆلیسی تارانیشە و لەم خولەی یارییەکانی خولی پلە نایابەکانی ئێراندا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە