رووداو دیجیتاڵ
هەزاران هاووڵاتیی ئێرانی رژاونەتە سەر شەقامەکانی شاری قومی ئێران، بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە ئیبراهیم رەئیسی و بەرپرسانی دیکەی ئێران دەکەن؛ ئێستا ئەو خەڵکە لە چاوەڕوانی سەرۆکێکی نوێن بۆ وڵاتەکەیان.
ئەلێکس ڤاتانکا، بەرپرسی بەرنامەی کاروباری ئێران لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت، "پێموایە لە ماوەی کورتمەودا، هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە روونادات. بەتایبەتی لەو پرسە گرنگانەی رۆژئاوا و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن چاویان لەسەریەتی، وەکو پرسی مافەکانی ژنان و بەرنامەی ئەتۆمی و ئەجێنداکانی ئێران لە ناوچەکە، بۆیە پێموایە ئەو پرسانە وەکو خۆی بەردەوام دەبن".
ئەو کەسەی دەستنیشانکراوە بەشێوەیەکی کاتی رووبەڕووی تاقیکردنەوەکان ببێتەوە، محەممەد موخبیرە.
ئەو لە ساڵی 2021ـەوە جێگری یەکەمی ئیبراهیم رەئیسی بووە و بە کەسێکی بێدەنگ و "پیاوی سێبەر" ناسراوە.
لەدایکبووی ساڵی 1955ی پارێزگەی خوزستانە و بۆ ماوەی 14 ساڵ سەرۆکی ناوەندی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام بوو. ئەو دوو بڕوانامەی دکتۆرای هەیە؛ یەکێکیان لە یاسای نێودەوڵەتی و یەکێکی دیکەش لە بەڕێوەبردن.
چاوەڕێ دەکرێت موخبیر بەشێوەیەکی کاتی وڵات بەڕێوەبەرێت، تا سەرۆکێکی نوێ بۆ ئێران هەڵدەبژێردرێت کە بەگوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە، پێویستە لە ماوەی 50 رۆژدا هەڵبژاردن بکرێت.
محەممەد موخبیر، لە لێدوانێکدا دەڵێت، "ئەمە رووداوێکی جدی و نەخوازراوە بۆ هەموومان کە بووەتە مایەی خەمێکی قووڵ، بەڵام لەبارەی بەڕێوەبردنی وڵات و بەردەوامی کاری رۆژانەی دەوڵەت، دەبێت خەڵک دڵنیا بێت لەوەی هیچ ئاستەنگییەک و پچڕانێک روونادات".
موخبیری تەمەن 68 ساڵ، ئەندامی ئەنجوومەنێکی تایبەتی سێ کەسییە کە پێکهاتووە لە محەممەد موخبیر، سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان؛ غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد بۆ ئامادەکاریکردن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رۆژی 28ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی دیاریکرد، رۆژەکەش لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ