هۆشداریی بارانی بەخوڕ و لافاو لە 17 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆ سێشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران، تەرزە و رەشەبا زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و کەشناسیی ئێران ئاستی هۆشدارییەکانی لە چەندین پارێزگا بەرزکردەوە و رایگەیاند، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.  
 
کەشناسیی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران، تەرزە و رەشەبا 17 پارێزگای ئەو وڵاتە بگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.
 
کەشناسیی ئێران دەڵێت، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە چەندین پارێزگا هەیە، بە تایبەت لە پارێزگاکانی خوڕاسانی باکوور و خوڕاسانی رەزەوی.
 
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی ئێران، شەپۆلی باران، تەرزە و رەشەبا پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتە کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە بەردەوام دەبێت.
 
رێکخراوەکە داوا دەکات، خەڵک لە نزیک رووبار و بەنداوەکان و ئەو شوێنانەی گومانی روودانی لافاویان لێدەکرێت، دووربکەونەوە و سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی هۆشدارییەکانی کەشناسی، تیمەکانیان لە 20 پارێزگای وڵات خراونەتەوە ئامادەباشی.
 
بابەک مەحموودی داوا لە خەڵکی دەکات هاوکاریان بن و دەڵێت، پێویستە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەکانی رێکخراوی کەشناسی بە گرنگ وەربگرن و لە شوێنە شاخاوییەکان و قەراخ رووبارەکان دووربکەونەوە.
 
رێکخراوی کەشناسیی پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاستی هۆشدارییەکانیان بەرزکردەوە بۆ رەنگی زەرد و پرتەقاڵی.
 
کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو کۆتایی هەفتە بارانبارین و رەشەبا زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە و پلەی گەرما پێنج پلە دادەبەزێت، بەو پێیەش ئاستی هۆشدارییەکانی بۆ ئاستی پرتەقاڵی بەرزکردەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی کەشناسییەکە، لە 24 کاژێری رابردوودا لە سنووری پارێزگای ورمێ، زۆرترین بڕی باران لە شاری شنۆ باریوە، کە 21.4 ملیمەتر بووە، دوای ئەوەش بۆکان بە 11.1 مللیمەتر، چایپارە بە 10 مللیمەتر دێن.
 
هەروەها لە میاندواو 6.2، لە شاهیندژ 6، لە سەردەشت 2.4، لە پیرانشار 1.4 و لە شارەکانی سەلماس، نەغەدە و مهاباد کەمتر لە یەک ملیمەتر باران باریوە.
 
هەروەها کەشناسیی کرماشانیش ئاستی هۆشدارییەکانی بۆ مەترسی لافاو لەو پارێزگایە بەرزکردەوە و دەڵێت، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا ئەگەری بارینی بارانی بەخوڕ، تەرزە، هەڵکردنی بایەکی بەهێز و هەورەبرووسکە هەیە.
 
رێکخراوی کەشناسیی پارێزگاکانی سنە، ئیلام و لوڕستانیش رایانگەیاندووە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە تاوەکو کۆتایی هەفتە، شەپۆلی باران لە سنووری ئەو پارێزگایانە چالاک دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت. بەپێی ئەو رێکخراوانە، لە هەندێک شوێن ئەگەری روودانی لافاو هەیە.