سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین کۆبوونەوەی شەشەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا.
 
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 88 ئەندام پێکدێت کە بۆ ماوەی 8 ساڵ هەڵدەبژێردرێن و بەپێی مادەی 107ـی دەستووری ئێران، ئەرکی سەرەکیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، دیاریکردنی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
 
تەنیا رۆژێک دوای راگەیاندنی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیاندا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-5-2024) شەشەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران، بە پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکەمین کۆبوونەوەی دەستپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا محەممەدعەلی موەحیدی کرمانی وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دەستەی سەرۆکایەتی کاتیی ئەنجوومەنەکە بەپێی تەمەن دیاریکرا. ئایەتوڵڵا موەحیدی کرمانی وەکوو سەرۆک، ئایەتوڵڵا ئەبولقاسم وافی وەک جێگری سەرۆک و محەممەدڕەزا فەڵاحی تەفتی و محەممەدحوسێن بەیاتی وەک سکرتێرەکانی کاتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەڵبژێردران.
 
محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار و بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن، محەممەد گولپایگانی، سەرۆکی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو وڵاتە، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد، عەلی ئەکبەر موەحیدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای نەتەوەیی ئێران، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشووتری ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکە، ئامادە بوون.
 
مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران و عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، بەشدار بوون لە کۆبوونەوەکە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن محەممەد گولپایگانی، سەرۆکی نووسێنگەی رێبەر خوێندرایەوە.
 
عەلی خامنەیی لە پەیامەکەیدا، ئاماژە بە گرینگیی رۆڵی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەکات و ئەنجوومەنەکە وەک سیمبوولی "دیموکراسی ئیسلامی" پێناسە دەکات و دەڵێت "ئەم ئەنجوومەنە یەکێکە لە بناخە سەرەکییەکانی سیستەمی دیموکراسیی ئیسلامی، کە لە ماوەی دیاریکراودا لەلایەن دەسەڵاتی میللەتەوە پتەوتر دەکرێت، گەرەنتییەکە بۆ سەلامەتی و بەردەوامیی سیستمەکە."
 
هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کرا و، محەممەدعەلی موەحیدی کرمانی بە 55 دەنگ وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا.
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنەکە، ماوەی سەرۆکایەتیی موەحیدی کرمانی دوو ساڵ دەبێت.
 
هەروەها سەید هاشم حوسێنی بوشێهری و عەلیڕەزا ئەعرافی وەک جێگری یەکەم و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەستنیشانکران، عەباس کەعبی و موحسین ئەراکیش وەک سکرتێرەکانی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن دیاریکران. 
 
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران، لە کاتێدا کرا کە تەنیا رۆژێک بەسەر راگەیاندنی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەردا لە پارێزگای تەورێز تێدەپەڕێت.
 
ئیبراهیم رەئیسی و ئایەتوڵڵا محەممەدعەلی ئال هاشم دوو ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا لە پارێزگای تەورێز گیانیان لەدەستدا.