سێ پۆلیسی تاران 'لەلایەن چەتەیەکەوە' کوژران

21-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردن و رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەگەڵ "کەسێکی چەتە" لە گەڕەکی نارمەکی تارانی پایتەخت، سێ کەس لە هێزەکانیان کوژراون.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی دووشەممە، 20ی ئایاری 2024، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی تاران رایگەیاند، شەوی یەکشەممە لە گەڕەکی نارمەکی شاری تاران، رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان چەکدارێک و هێزەکانیاندا روویداوە.
 
پۆلیسی تاران دەڵێت: "کاژێر 22:00ی شەوی یەکشەممە، 19ی ئایار، دەورییەیەکی پۆلیس لە گۆڕەپانێکی گەرەکی نارمەک گومان لە کەسێکی تەمەن 25 ساڵ دەکەن و داوای وەستانی لێدەکەن، بەڵام ئەو کەسە گوێ ناداتە فەرمانی پۆلیس و هەڵدێت."
 
پۆلیسی تاران دوای گومانلێکراوەکە دەکەون، بەڵام بە گوتەی پۆلیس ئەو کەسە تەقە لە هێزەکانیان و خەڵکی دەکات، بۆیە هێزەکانیان لە وەڵامدا تەقە لەو کەسە دەکەن.
 
پۆلیسی تاران رایگەیاند، لەو رووداوەدا سێ کەس لە هێزەکانی پۆلیس بە ناوەکانی مەسعود کەرەمی، ئیحسان مونشیزادگان و فەرزاد روزبەهانی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها چەکدارەکەش کوژراوە و دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە