لە بەلوچستان پێنج ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژران


رووداو دیجیتاڵ

پێنج ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە پێکدادان لەگەڵ گرووپێکی چەکداریدا کوژران. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران لەبارەی پێکدادانەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "شەوی رابردوو لە هێرشێکی تیرۆریستیی گرووپێکی 'چەکدار' و 'دژبەر' پێنج ئەندامی بنکەی پاسەوانیی 'مزە سەر' لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان گیانیان لەدەست داوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی پۆلیسی ئێران راشیگەیاند؛ لە پێکدادانەکەدا ژمارەیەک لە ئەندامی ئەو گرووپە چەکدارە کوژراون و دواتریش لە شوێنی رووداوەکە نەماون. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران و فەرماندەی پاسەوانی سنوور بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە سەردانی پارێزگای سیستان و بەلوچستانیان کردووە. پۆلیسی ئێران دەڵێت، ئەم هێرشە "ناجوامێرانە" بێ وەڵام نامێنێتەوە.