عەلی خامنەیی: ئەمریکا هەر کردەوەیەکی نەشیاو بکات، زەبری قورسی بەردەکەوێت

دوێنێ کاژێر 01:29
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ''ئەگەر ئەمریکییەکان کردەوەیەکی نەشیاو بەرامبەر ئێران بکەن، زەبرێکی قورسیان بەردەکەوێت''؛ گوتیشی، لە پاڵپشتیی ''بەرەی موقاوەمە'' بەردەوام دەبن.
 
ئەمڕۆ هەینی 21-03-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکی نەورۆزیدا لەگەڵ خەڵک و بەرپرسانی سەربازی و حکومیی وڵاتەکە، گوتارێکی پێشکێشکرد کە تێیدا ئاماژەی بە گرژییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوی لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ''ساڵێکی پڕ رووداو بوو و تێچووی زۆرمان داوە، هەڵبەت دەبێت بەو روانگەیەوە سەیری بکرێت کە بەرەی حەق لەو بەرەنگارییانەدا تێچووش دەدات.''
 
عەلی خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گوتی، ''لە بەرەنگاربوونەوەی حەق و ناحەقدا، سەرکەوتن لەگەڵ حەقە، بەڵام ئاساییە، بەرەی حەقیش هەموو کات تێچوو دەدات''.
 
ساڵی رابردووی هەتاوی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵێکی سەخت بوو، حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار رێبەرانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و چەندین فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسداران لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل کوژران، ئەوە جیا لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا کە هاوپەیمانی ئێران بوو.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: ''تێچووەکانی ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی سەرکەوتنی کۆتاییدا بوون، راستە چەندین کەسایەتیی ئێرانی، لوبنانیی گەورەمان لەدەستدا و ئەوە کارەسات بوو بۆ ئێمە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی حەق بەسەر ناحەقدا ئەم تێچووانە پێویستە.''
 
عەلی خامنەیی گوتیشی، ''گومانتان نەبێت ئەنجامی ئەو خۆڕاگرییانەی خەڵکی ئێران شکستی دووژمنان دەبێت، شکستی رژێمی ناپاک و گەندەڵی زایۆنی''.
 
خەڵک بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوە ناوە ناڕەزایی دەردەبڕن، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، ''بە کوێرایی چاوی دووژمنان، خەڵکی ئێمە پیشانیان داوە، نیزامی کۆماری ئیسلامییان دەوێت''. 
 
رۆژی هەینی، 07ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا نامەیەکی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە یان بە دانوستاندن یان بە شەڕ  دەبێت پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یەکلایی بکرێتەوە. عەلی خامنەیی گوتی، ''دەبێ ئەمریکایییەکان بزانن کە بە هەڕەشەکردن لە ئێران هیچ دەستکەوتێکیان نابێت.''
 
دوای ناردنی نامەکە، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لەگەڵ ئێران گەیشتووینەتە قۆناخەکانی کۆتایی. ئەمە دەبێتە کاتێکی سەرنجڕاکێش و دەبینین چی روودەدات"، بەڵام روونی نەکردەوە مەبەستی چییە.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دا، ''ئەگەر ئەمریکییەکان کردەوەیەکی نەشیاو بەرامبەر ئێران بکەن، زەبرێکی زۆر قورسیان بەردەکەوێت.''
 
یەکێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران ئەوەیە کە وڵاتەکە واز لە پاڵپشتیی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی لە ناوچەکە بهێنێت. بەڵام عەلی خامنەیی دەڵێت ''ئەوان بەشێکن لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی و سەربەخۆن، ئێمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان، هاوکاری فەلەستینی و لوبنانییەکان بووین و لە داهاتووشدا پاڵپشتییان دەکەین.''
 
خامنەیی گوتی: ''ئەمریکی و زایۆنییەکان دەبێ بزانن کە ئێمە هیچ کات دەستپێشخەری شەڕ و تێکهەڵچوون نەبووینە، بەڵام ئەگەر کەسێک دەستپێشخەری بکات، بە تووندترین شێوە وەڵامی دەدەینەوە.''
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا لە دژی بەکاریهێنابوو. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
 
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا دا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەدجەواد زەریف

گوتەبێژی حکومەتی ئێران: محەممەد جەواد زەریف هێشتا جێگری سەرۆککۆمارە

گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، لە روانگەی حکومەتەوە هێشتا محەممەدجەواد زەریف جێگری سەرۆککۆمارە بۆ کاروباری ستراتیژی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر یاسای پۆستە هەستیارەکان لەسەر زەریف جێبەجێ بکرێت، پێویستە هەموو بەرپرسانی دیکەش بگرێتەوە.