سەرەڕای رێگریی حکومەتی ئێران، لە مهاباد بە سروودی 'ئەی رەقیب' پێشوازی لە نەورۆز دەکرێت


رووداو
 
لە چەندین شار و گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی ئێران هەوڵیاندا رێگری لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز بکەن، بەڵام هاونیشتمانییان رێوڕەسمەکەیان بەڕێوەبرد. 
 
شەوی رابردوو لە قەراخ بەنداوی مهاباد، هاونیشتمانییان سروودی نیشتمانیی "ئەی رەقیب"ـیان گوتەوە. لە پیرانشار سەرەڕای ئەوەی رێگە نەدرا خەڵک بچنە گردی نەورۆزی شارەکە، بەڵام لە گردی پیرۆز و گوندەکان ئاگری نەورۆز کرایەوە. لە شنۆ شەوی رابردوو، هێزێکی تایبەتی پۆلیس هەوڵیدا لەنێوشار بڵاوە بە خەڵکی شارەکە بکات و شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و هێزەکان روویدا و خەڵک تاوەکو درەنگانی شەو لەنێوشار مانەوە. 
 
لە سەردەشتیش رێگە نەدرا لەنێوشار و ژمارەیەک گوند رێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەبچێت، بەڵام لە گوندی نستان سەرەڕای ئەوەی چوار خاڵی پشکنین داندرابوو بۆ رێگریکردن لە چوونی خەڵک، ئاگری نەورۆز بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان کرایەوە. حکومەتیش کارەبای لەسەر گوندەکە بڕی.
 
دانیشتووی گوندی نستانی سەردەشت دەڵێت، "لە ئێوارەوە لەو گوندە کارەبا پچڕاوە، دوای ئەوەی ئاهەنگگێڕان چوونەتەوە ماڵەکان بۆ نان خواردن، کارەبا هاتووەتەوە. دوای نان خواردن دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کردووەتەوە، حکومەتیش کارەبای لەسەر بڕیونەتەوە".
 
ئەمساڵ حکومەت و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە مانگێک پێش نەورۆزەوە هەوڵیاندا رێگە نەدەن، رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەنگی نەتەوەییان پێوە دیار بێت. مەرجیان بۆ شێوازی بەڕێوەبردنیان دانابوو و دەیانویست ئاهەنگگێڕانی نەورۆز، هێمای وەکو جامانەیان پێ نەبێت. 
 
لە پیرانشار خەڵکێکی زۆر دواینیوەڕۆی یەکشەممە ویستیان بچنە گردی نەورۆزی شارەکە، بەڵام هێزێکی زۆری ئەمنی و پۆلیس، رێگرییان لێیان کرد، بەڵام دیسانیش رێوڕەسمەکە هەر بەڕێوەچوو. لە گردێکی دیکەی نزیک گردی نەورۆز. خەڵک ناوی گردی پیرۆزیان لەو شوێنە نا و رێوڕەسمی سەمای جامانەکانیشیان بەڕێوەبرد.
 
لە شنۆش رێگە نەدرا رێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەبچێت، بەڵام گەنجانی شارەکە تاوەکو نیوەشەو لەنێوشار مانەوە. ئاگریان کردەوە و لە دەوری هەڵپەڕین. هێزەکانی ئێران بە گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ئاسمانی ویستیان بڵاوەیان پێ بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. 
 
لە سەردەشتیش چالاکڤانان داوایان لە ئەنجوومەنی شارەکە کردبوو رێگەیان پێبدەن لە گوندی نستانی ئەو شارە ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەببەن، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی شار پێی راگەیاندوون دەبێ بەپێی مەرجەکانی حکومەت بەڕێوەی ببەن. چالاکڤانان مەرجەکانیان رەتکردووەتەوە و ویستوویانە بێ مۆڵەت بەڕێوەی ببەن، بەڵام لە نیوەڕۆوە پۆلیس لەسەر رێگەی نستان خاڵی پشکنینی داناوە و رێگەی نەداوە خەڵک بچنە نێو گوندەکە.