سریلانکا 20 ملیۆن دۆلار قەرزی نەوتی ئێران بە چا دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سریلانکا، کە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری بووەتەوە، رایگەیاند بە بەهای 20 ملیۆن دۆلار، چای هەناردەی ئێران کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی دانەوەی 251 ملیۆن دۆلار قەرز لە کڕینی نەوتی ئێران.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21-2-2024) سەردانی کۆڵۆمبۆی پایتەختی سریلانکای کرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سریلانکا کۆبووەوە، دواتر بەرپرسانی حکومەتی سریلانکا رایانگەیاند، عەبدوڵڵاهیان گڵۆپی سەوزی وڵاتەکەی بۆ ئەو مامەڵەیە هەڵکردووە.
لەوبارەیەوە، دانیش گوانەواردنە، سەرۆکوەزیرانی سریلانکا، لە راگەیێندراوێکدا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵاهیان، رایگەیاند "لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنە بازرگانییە، تائێستا بایی 20 ملیۆن دۆلار چامان هەناردەی ئێران کردووە".
لە کانوونی یەکەمی 2021، ئێران و سریلانکا لەسەر بەرنامەی چا بەرامبەر بە نەوت رێککەوتن، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووریی سریلانکاوە، جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە دواکەوت.
ئەو رێککەوتنە کارئاسانی بۆ ئێران دەکات، کە رووبەڕووی چەندین سزای ئابووریی نێودەوڵەتی کراوەتەوە، بەبێ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی سزادان، دەتوانێت چا دابین بکات، کە لە نێوخۆی وڵاتەکەدا خواستێکی زۆری لەسەرە. لەبەرامبەریشدا، کارئاسانی بۆ سریلانکا دەکات لەجیاتی پارە، قەرزەکانی بە چا بداتەوە.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی سریلانکادا هاتووە؛ ئێران رازی بووە 31 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو وڵاتە تەرخان بکات لە پرۆژەی کشتوکاڵی و وزە. بڕیاریشە لە کۆتایی ئەمساڵ، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سریلانکا بکات، بەمەبەستی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و کۆڵۆمبۆ.
بەگوێرەی راپۆرتی بانکی جیهانی، لە ساڵی 2022ـدا سریلانکا 46 ملیار دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی لەسەر بووە، بۆ رزگاربوونیشی لەو قەرزە زۆرە، ساڵی رابردوو، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی 2.9 ملیار دۆلاری بەو وڵاتە دا.