وەزیری نەوتی ئێران ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی بۆریی گازی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، تەقینەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی گازی ئێران "پیلانی ئیسرائیل بووە" و ئامانج ئەوە بووە "گازی ماڵان لە پارێزگا گەورەکاندا رووبەڕووی کێشە بکاتەوە."
 
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراندا گوتی: "دوژمن (ئیسرائیل) دەیەویست گازی ماڵان ببڕێت و ئامانجیشی ئەوە بوو خەڵک کێشەیان بۆ دروست بێت، بەڵام شارەزایانی پیشەسازیی نەوت لە هەموو بوارەکاندا بە تەواوەتی ئامادە بوون و ئەم پیلانە شوومە کۆنترۆڵ و پوچەڵ کرایەوە."
 
رۆژی 14.02.2024، بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی گازی ئێران کە گازی لە باشووری ئەو وڵاتەوە بۆ پارێزگاکانی وەک تاران، ئیسفەهان، مەشهەد و پارێزگاکانی دیکە دەگواستەوە لە نزیک شاری بروجێن لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری و هەروەها لە نزیک سەفاشار لە پارێزگای فارسیش تەقیەوە.
 
هەر ئەو رۆژە سەعید عەقلی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی گازی ئێران، تەقینەوەی بۆرییەکانی "بە کردەوەیەکی تێکدەرانەی تیرۆریستیی" لە قەلەمدا. 
 
دوو رۆژ دوای تەقینەوەکە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا لە زاری دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و شارەزای سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل دەستی لە تەقاندنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی گازی ئێراندا هەبووە.
 
حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەو رووداوە نەبووە.
 
بەگوتەی شایەتحاڵان، دەنگی تەقینەوە و ئاگر تاوەکو مەودای 60 کیلۆمەتر بیستراوە و بینراوە، لە شارەکانی نزیک لەو رووداوە خەڵک لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە. 
 
لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا زۆر جاری دیکەش بۆریی گواستنەوەی گازی ئێران تەقیوەتەوە، لە ساڵانی 2020، 2016، 2006، 2007 و چەندین جاری دیکەش، بەڵام هەموو ئەوانە لە هێڵی گواستنەوەی گازی ئێران بۆ تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا روویانداوە و کێشەیان بۆ هەناردەی گازی ئێران دروست کردووە.
 
لە پاڵاوگەکانی گازی ئێرانیشدا زۆر جار تەقینەوە روویانداوە. هۆکاری هەندێکیان کێشەی تەکنیکی بووە، بەڵام هۆکاری بەشێکیان رانەگەیێندراوە.
 
لە ساڵانی رابردوودا لە دامەزراوە ئەتۆمیی و سەربازییەکانی ئێرانیشدا زۆر جاران تەقینەوە روویداوە، حکومەتی ئێران بە درەنگەوە ئیسرائیلی بەهۆکاری تەقینەوەی هەندێکیان تۆمەتبار کردووە.