لە 7 ساڵدا وازهێنان لە خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 26٪ زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا بەرپرسانی پەروەردەی ئێران دەڵێن، بە هۆکارەکانی: کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی وازهێنان لە خوێندن زیادیکردووە. وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، پلانی داناوە ئەو قوتابییانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، بگەڕێنێتەوە قوتابخانە. 
 
بەپێی ئامارێک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە حەوت ساڵی رابردوودا وازهێنان لە خوێندن لەو وڵاتە بەڕێژەی 26٪ زیادیکردووە و زیاتر لە 911 هەزار خوێندکار لە خوێندن جێماون. لەهەمان کاتیشدا 40٪ـی دەرچووانی زانکۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بێکارن.
 
یەکێک لەو کەسانەی وازی لە خوێندن هێناوە، ناوی موبینە و خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، موبین ئەگەر خوێندبای ئێستا پۆلی 10 بوو و دوو ساڵی دیکە دەیتوانی بچێتە زانکۆ، بەڵام رێگەیەکی دیکەی هەڵبژاردووە. بووەتە شاگردی بەرگدروویێک و دەیەوێت لە داهاتوودا ئەوە پیشەکەی بێت.
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، لە حەوت ساڵی رابردوودا وازهێنان لە خوێندن بەڕێژەی 26٪ زیادیکردووە و 911 هەزار و 272 قوتابی لە خوێندن بەجێماون. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی زۆر لەوانەی واز لە خوێندن دەهێنن، دەچنە ناوچە پیشەسازییەکان و بەردەستیی وەستاکارەکان دەکەن.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرترین رێژەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە. ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، هۆکار و پاساوی جیاواز بۆ کارەکەیان دەهێننەوە. لە خراپی دۆخی ئابووری خێزانەکانیان تاوەکو بێهیوایی لەوەی ناتوانن بە خوێندن کار و داهاتیان دەستبکەوێت.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، زیاتر لە 40٪ـی دەرچووانی زانکۆ لەو وڵاتە کاریان دەستناکەوێت. ئەو ئامارە زۆرە و بینینی کەسانێک کە چەندین ساڵ خوێندوویانە و بە هیچ نەگەیشتوون، کاریگەری لەسەر عابد و ژمارەیەک هاوتەمەنی دیکەی داناوە بۆ وازهێنان لە خوێندن.
 
وەزارەتی پەروەردەی ئێران زیاتربوونی وازهێنان لە خوێندن بە مەترسی لەقەڵەم دەدات و رایگەیاندووە، پلانی داناوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ نێو پۆلەکانی خوێندن. بەڵام بەبێ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندن، ئەگەر پلانەکە سەرکەوتووش بێ، چاوەڕوان ناکرێت سەرکەوتنەکەی هەمیشەیی بێت.