رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت لەسەر سنووری عێراق و ئێران لە پارێزگای خوزستان، کڕین و فرۆشتن بە تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنا دەکرێت.
فەرهاد ئیبول نژادیان، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ئەهواز رایگەیاند؛ لەسەر سنووری ئێران و عێراق، تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنا مامەڵەی پێوە دەکرێت و لەسەر سنوورەکانی نێوان پارێزگای خوزستان و عێراقدا، 1 ملیۆن و 500 هەزار بەڵگەی تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە. بەو هۆیەوە سنوورەکانیان لەگەڵ عێراق داخستووە.
سەرۆکی زانکۆی پزیشکی ئەهواز گومانی لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەیە و دەڵێت: "ژمارەی راگەیێندراوی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا، لە عێراق راست نییە و مەزندە دەکرێت ئەو ئامارە چوار هێندەی ئەو ئامارە بێت کە راگەیێندراوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا 664,750 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 13,245 کەس گیانیان لەدەستداوە و 616,507 تووشبووش چاکبوونەتەوە.
کۆرۆنای گۆڕاو، کە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە لە ئێران و دواتریش عێراق تۆمارکراوە، ئەو بەرپرسەی تەندروستیی ئێران دەڵێت کۆڕۆنا گۆڕاوەکە لە عێراقەوە بۆ ئێران گوزاروەتەوە.
نژادیان گوتی: "هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای خوزستان بەهۆی سەردانی گەشتیارێکی هۆڵەند و خێزانێکی عێراقی دانیشتووی بەریتانیا بوو بۆ ئەو پارێزگایە".
بەگوتەی ئیبول نژاد، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای خوزستان، 11 شاری ئەو پارێزگایەی خستووەتە دۆخی سوور و مەترسیدارەوە و رێژەی تووشبووانی تەمەن 6 بۆ 14 ساڵی دوو هێندە کردووە. تائێستا 2 منداڵ کە یەکیان کچێکی تەمەن 9 ساڵ بووە، لە پارێزگای خوزستان بە کۆرۆنای گۆڕاو گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ