رووحانی: ئەوەی ئێمە دەیکەین لە مێژووی دیمۆکراسی دا وێنەی نەبووە

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەدوای ئەوەی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقی دەنگدان هیوای خواست بۆ پەرلەمانێکی چالاکتر، باشترینەکان هەڵبژێردرێن. هەروەها دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی ئێمە لە مێژووی دیموکراسیدا وێنەی نەبووە.

سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "خەڵکی ئێمە هەر ئێستا خەریکن بە سەلیقە و دەنگەکانی خۆیان خولی یازدەیەمی پەرلەمان پێکدێنن، هیوادارین باشترینەکان بچنە خولی یازدەیەمی پەرلەمانەوە و ئەو شتەی کە داواکاریی خەڵکە واتە پەرلەمانێکی چالاکتر، پڕ جۆش و خرۆشتر و پەرلەمانێک کە خەڵک ببینن کێشەکانیان باشتر چارەسەر دەکات، یاسا پێویستەکان بە خێرایی پەسند دەکات، چاودێرییەکانی دەکات، پابەندی یاسای بنەڕەتی و رێوشوێنەکانە، ئیشەڵا پەرلەمانێکی باش لە خولی یازدەیەمدا دەبینین".

رووحانی بە ئاماژەدان بەوەی لە 40 ساڵی رابردوو هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەچووە گوتی: "لە دە خولی رابردووی پەرلەمان هەڵبژاردن لە کاتی خۆی کراوە بەبێ دواکەوتن، لە مێژووی دیمۆکراسیدا بێوێنەیە و لەمێژووی ئێرانیشدا شتی وامان نەبووە".