تاوەکو کاژێر 16:00 نزیکەی 11 ملیۆن کەس دەنگیانداوە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاماری فەرمیی بەشداریی خەڵکی ئێرانی لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران راگەیاند و گوتی، تاوەکو 2 کاژێر پێش تەواوبوونی ماوەی دەنگدان 11 ملیۆن کەس دەنگیانداوە

لەم خولەی هەڵبژاردن 57 ملیۆن و 918 هەزار و 159 نەفەر دەتوانن دەنگ بدەن. جەماڵ عۆرف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 16:00 بەکاتی تاران نزیکەی 11 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردندا بەشدارییان کردووە.

هەروەها عەبدولڕەحمان فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران گوتبووی؛ تاوەکو کاژێر 12:00 نزیکەی 7 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەنگیان داوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، زۆربەی بنکەکانی دەنگدان چۆڵن و خەڵک بە رێژەیەکی کەم بەشداری لە هەڵبژاردندا کردووە. بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، جگە لە چەند بنکەی دەنگدان، زۆربەی بنکەکان چۆڵن.

چەند سەرچاوەیەک لە شارەکانی ورمێ و نەغەدە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، خەڵک لە شار و ناوچەی دیکەوە بۆ دەنگدان لە بەرژەوەندی بەربژێرە ئازەرییەکان چوونەتە ئەو شارانە و دەنگدەدەن. 

هەروەها لە سنە و مەریوان و شارەکانی دیکەی پارێزگای سنەش سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی بنکەکانی دەنگدان چۆڵن و خەڵک پێشوازییان لە هەڵبژاردن نەکردووە.