عەلی خامنەیی رێبەری ئێران دەنگیدا

لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقی دەنگدان.

جگە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 5 پارێزگای تاران، قوم، فارس، خۆراسانی باکوور و خوراسانی رەزەوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت.

رێبەری ئێران لەدوای دەنگدان گوتی: "رۆژی هەڵبژاردن رۆژی جەژنی نیشتمانییە، رۆژی بەدەستهێنانی مافی کەسێتیی گەلە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بدەن و بەشداریی خۆیان لە ئیدارەی وڵات کە مافی خۆیانە بەدەستبهێنن. ئەرکێکی دینیشە".

عەلی خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەڵبژاردن بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات گەرنتی دەکات و هەرکەس لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتە لە هەڵبژاردن بەشداریی بکات. هەرچی زووترە بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ دوایین کاتەکانی هەڵمەگرن. داوا لە خوای گەورە دەکەم رەحمەتی خۆی بنێرێت و ئەو هەڵبژاردنە بکاتە خێر و بەرەکەت".