رووماڵی تایبەت؛ هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران

هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە 55 هەزار بنکەی دەنگدان لەو وڵاتە دەستیپێکرد. لەکۆی 208 بازنەی هەڵبژاردن 174 بازنەیان یەک نوێنەریی دەبن، 21 بازنە 2 نوێنەریان دەبێت، 8 بازنە 3 نوێنەر، یەک بازنە 4 نوێنەر، 2 بازنە 5 نوێنەر، 1 بازنە 6 نوێنەر و یەک بازنەش کە تارانە 30 نوێنەری دەبێت. کەمایەتییە ئاینییەکانیش 5 کورسییان لە پەرلەمانی ئێران دەبێت کە 290 کورسییە.

21-02-2020

20:05

دەنگدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوو کاژێری دیکە درێژکرایەوە

دەنگدانی ئەمڕۆی تاران
 
دەنگدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوو کاژێری دیکە درێژکرایەوە. عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان تاوەکو کاژێر 10:00ـی ئەمشەو بە کاتی تاران بەردەوام دەبێت. 
 
عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا سبەی رادەگەیێنین.
 
بەپێی ئەو دیمەنانەی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران دەیگوازێتەوە، لە زیاتر لە 20 شار و شارۆچکە خەڵکی لە سەرەی دەنگداندا وەستاون.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:22

دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئێران بۆ دوو کاژێر درێژکرایەوە

دەنگدان لە تاران. وێنە: AFP
 
هەرچەندە بڕیاربوو کاژێر 06:00ـی ئێوارە سندووقەکانی دەنگدان دابخرێن، بەڵام تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە دەنگدانەکە بۆ ماوەی دوو کاژێر درێژکرایەوە.
زیاتر بخوێنەوە

16:13

تاوەکو کاژێر 16:00 نزیکەی 11 ملیۆن کەس دەنگیانداوە

بنکەیەکی دەنگدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بنکەیەکی دەنگدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاماری فەرمیی بەشداریی خەڵکی ئێرانی لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران راگەیاند و گوتی، تاوەکو 2 کاژێر پێش تەواوبوونی ماوەی دەنگدان 11 ملیۆن کەس دەنگیانداوە

لەم خولەی هەڵبژاردن 57 ملیۆن و 918 هەزار و 159 نەفەر دەتوانن دەنگ بدەن. جەماڵ عۆرف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 16:00 بەکاتی تاران نزیکەی 11 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردندا بەشدارییان کردووە.

هەروەها عەبدولڕەحمان فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران گوتبووی؛ تاوەکو کاژێر 12:00 نزیکەی 7 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەنگیان داوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، زۆربەی بنکەکانی دەنگدان چۆڵن و خەڵک بە رێژەیەکی کەم بەشداری لە هەڵبژاردندا کردووە. بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، جگە لە چەند بنکەی دەنگدان، زۆربەی بنکەکان چۆڵن.

چەند سەرچاوەیەک لە شارەکانی ورمێ و نەغەدە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، خەڵک لە شار و ناوچەی دیکەوە بۆ دەنگدان لە بەرژەوەندی بەربژێرە ئازەرییەکان چوونەتە ئەو شارانە و دەنگدەدەن. 

هەروەها لە سنە و مەریوان و شارەکانی دیکەی پارێزگای سنەش سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی بنکەکانی دەنگدان چۆڵن و خەڵک پێشوازییان لە هەڵبژاردن نەکردووە.
 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:30

رووحانی: ئەوەی ئێمە دەیکەین لە مێژووی دیمۆکراسی دا وێنەی نەبووە

رووحانی
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لەدوای ئەوەی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقی دەنگدان هیوای خواست بۆ پەرلەمانێکی چالاکتر، باشترینەکان هەڵبژێردرێن. هەروەها دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی ئێمە لە مێژووی دیموکراسیدا وێنەی نەبووە.

سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "خەڵکی ئێمە هەر ئێستا خەریکن بە سەلیقە و دەنگەکانی خۆیان خولی یازدەیەمی پەرلەمان پێکدێنن، هیوادارین باشترینەکان بچنە خولی یازدەیەمی پەرلەمانەوە و ئەو شتەی کە داواکاریی خەڵکە واتە پەرلەمانێکی چالاکتر، پڕ جۆش و خرۆشتر و پەرلەمانێک کە خەڵک ببینن کێشەکانیان باشتر چارەسەر دەکات، یاسا پێویستەکان بە خێرایی پەسند دەکات، چاودێرییەکانی دەکات، پابەندی یاسای بنەڕەتی و رێوشوێنەکانە، ئیشەڵا پەرلەمانێکی باش لە خولی یازدەیەمدا دەبینین".

رووحانی بە ئاماژەدان بەوەی لە 40 ساڵی رابردوو هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەچووە گوتی: "لە دە خولی رابردووی پەرلەمان هەڵبژاردن لە کاتی خۆی کراوە بەبێ دواکەوتن، لە مێژووی دیمۆکراسیدا بێوێنەیە و لەمێژووی ئێرانیشدا شتی وامان نەبووە".

زیاتر بخوێنەوە

07:47

عەلی خامنەیی رێبەری ئێران دەنگیدا

رێبەری ئێران لەکاتی دەنگدان
لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقی دەنگدان.

جگە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 5 پارێزگای تاران، قوم، فارس، خۆراسانی باکوور و خوراسانی رەزەوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت.

رێبەری ئێران لەدوای دەنگدان گوتی: "رۆژی هەڵبژاردن رۆژی جەژنی نیشتمانییە، رۆژی بەدەستهێنانی مافی کەسێتیی گەلە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بدەن و بەشداریی خۆیان لە ئیدارەی وڵات کە مافی خۆیانە بەدەستبهێنن. ئەرکێکی دینیشە".

عەلی خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەڵبژاردن بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات گەرنتی دەکات و هەرکەس لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتە لە هەڵبژاردن بەشداریی بکات. هەرچی زووترە بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ دوایین کاتەکانی هەڵمەگرن. داوا لە خوای گەورە دەکەم رەحمەتی خۆی بنێرێت و ئەو هەڵبژاردنە بکاتە خێر و بەرەکەت".
 
زیاتر بخوێنەوە

07:47

رووماڵی تایبەت؛ هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران

پرۆسەی دەنگدان لەکاژێر 08:00ـی بەیانی بەکاتی تاران دەستیپێکردووە
رووداو-هەولێر

هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە 55 هەزار بنکەی دەنگدان لەو وڵاتە دەستیپێکرد.


بە گوتەی عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی ئێران، زیاتر لە 1 ملیۆن کەس پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن و ئەمڕۆ 7 هەزار و 148 کەس کە شیاوبوونیان پەسندکراوە لەسەر 290 کورسی پەرلەمان کێبڕکێ دەکەن.

بە گشتی 16 هەزار و 145 کەس بۆ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران ناوی خۆیان تۆمارکردبوو و شیاوی 56%ـیان رەتکراوەتەوە.

لە دەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، 12 هەزار و 123 کەس ناوی خۆیان تۆمارکردبوو و شیاوبوونی 5 هەزار و 944 کەسیان پەسندکرا و رێژەی سەتا 51 ی بەربژێرەکان شیاوبوونیان رەتکرایەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە