بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە کەرتی گەشتیاریی ئێران زیانی زۆری بەرکەوتووە

20-12-2022
فواد حەقیقی
ژمارەیەک پۆلیسی ئێرانی خۆپێشاندەرێک دەستگیر دەکەن
ژمارەیەک پۆلیسی ئێرانی خۆپێشاندەرێک دەستگیر دەکەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران دەڵێت، ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە دەستی دەرەکییان لە پشتە. گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پێشتر گوتبووی، ژمارەیەک لە "ئاژاوەگێڕانی بیانییان" دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە وڵاتان هۆشداری دەدەن لەوەی هاووڵاتییەکانیان گەشت بۆ ئێران بکەن.
 
مەسعود ستایشی، گوتەبیژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران باسی لەوەش کردبوو، "40 کەسی بیانی کە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەدا رۆڵیان هەبووە، تەنانەت هەندێ لەمانە لەسەر شەقامەکان بوون، دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەیان لە گەڵدا دەکرێ."
 
موحسین حاجی سەعید، سەرۆکی ئەنجوومەنی رێنوێنیکاری گەشتیاریی ئێران ماوەیەک لەومەبەر گوتی: "هەندێ لە گەشتیارە بیانییەکان کە تەنیا بۆ کونجکۆڵی وێنەیان لە رووداوەکانی ئەم دواییە گرتووە، دەستبەسەر کراون." دەشڵێت، "هەموو ئەوانە سیخووڕ نین."
 
ئەو جۆرە لێدوانانە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆر لە وڵاتانی جیهان داوا لە هاووڵاتییەکانیان بکەن، سەردانی ئێران نەکەن. تەنانەت هەندێ لە وڵاتان داوایان لە هاونیشتمانییەکانیان کردووە، لە ئێران دەرکەون.
 
بەگوتەی عەلی ئەسغەر شالبافیان، جێگری وەزیری گەشتیاریی ئێران، ئەم بابەتانە بووەتە هۆی ئەوەی کە 65٪ـی گرووپە گەشتیارییەکان بە تایبەت ئەورووپاییەکان، گەشتەکانیان بۆ ئێران هەڵوەشێننەوە. 
 
حکومەتی ئێران پلانی هەبوو بەشێک لە گەشتیارانی جامی جیهانیی قەتەر بەهۆی نزیکبوونییەوە لە ئێران، بچن لە ئێران بمێننەوە و لەم رێگەیەوە داهاتی دەسکەوێت، بەڵام بەگوتەی بەرپرسان، تەنانەت یەک کەسیش نەچوو بۆ ئێران. تەنیا سانتیاگۆ سانچێز، گەشتیاری ئیسپانی ویستی بە ئێراندا بچێت بۆ قەتەر، ئەویش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا.
 
عەلی ئەسغەر شالبافیان دەڵێت، لە کاتێکدا گەشتیارەکان گەشتی پلان بۆ دانراویان بۆ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، "ناکرێت چاوەڕوانیمان هەبێت ئەوان ئێران وەک شوێنی تەواوکاری گەشتەکەیان هەڵبژێرن." 
 
جەمشید حەمزەزادە، سەرۆکی کۆمەڵگەی خاوەن هۆتێلەکانی ئێران 10 رۆژ لەمەوبەر گوتی: "پیشەسازیی هۆتێلی ئێران لە نەورۆزی ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە گەڵ قەیران رووبەڕوو بووەتەوە؛ لافاو و باران، گرانبوونی بەنزین، کۆرۆنا و رووداوەکانی ئەم دواییە زیانی زۆر لە گەشتیاریی ئێران داوە."
 
گەرچی بەشێکی گرنگی داهاتی هەندێ لە وڵاتانی ناوچە لەڕێی گەشتیارییەوە دابین دەبێت و ئەم بوارەیان بەردەوام لە گەشە دایە، بەڵام روانگەی ئەمنیی بەرپرسان لە ئێران بۆ گەشتیاران وایکردووە بەردەوام ژمارەیەکی کەمتری گەشتیار روو لە ئێران بکەن.
 
بۆ نموونە بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی جیهانیی گەشتیاریی، ساڵی 2018 ئێران هەشت ملیار و 83 ملیۆن دۆلار داهاتی گەشتیاری هەبووە، بەڵام ساڵی 2021 تەنیا دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە