وازهێنان لە خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە

20-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
.
.
A+ A-
 
 
 رووداو دیجیتاڵ

وازهێنان لە خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ زیاتر لە 300 هەزار کەس وازیان لە خوێندن هێناوە کە 50% لە ساڵی رابردوو زیاترە. 
 
مامۆستایەکی بەلووچی دەڵێت: "ئەمە قوتابخانەکەمانە، ئەوەی کە دەیبینن نووسینگەی قوتابخانەیە و ئەمانەش پۆلەکانمانن. ئەم خانووەشمان بە زەحمەت دەستکەوتووە و بەکرێمان گرتووە. نزیکەی 150 قوتابیمان هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە کەمیکردووە، دەوروبەری 100 قوتابی لە پۆلەکاندا ئامادە دەبن."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگاکان، ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 300 هەزار کەس لە خوێندن بەجێماون و بەراورد بە ئاماری 1%ـی ساڵی رابردوو، ئەم ژمارە دووهێندە بووە. 
 
بە گوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران ژمارەی ئەو قوتابییانەی وازیان لە خوێندن هێناوە یان جێماون، لە ساڵی رابردوودا نزیکەی ملیۆنێک کەس بووە. هەر بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە 70%ی ئەو ژمارەش ئەو قوتابییە کچانەن کە لە قۆناخی ناوەندی و دواناوەندیدا دەخوێنن.
 
قوتابییەکی بەلووچی دەڵێت: "دوای ئەوەی کۆرۆنا سەریهەڵدا، ئێمە نەمانتوانی لە قوتابخانە درێژە بە خوێندن بدەین. گەڕاینەوە بۆ ماڵ ویستمان لە ماڵەوە درێژە بە خوێندن بدەین، بەڵام لە ماڵیشدا نە ئالێری دیجیتاڵ هەیە بۆ خوێندن لە رێگەی تیڤییەوە، نە هێڵی ئینتەرنێتیشمان هەیە کە بە ئۆنلاین بخوێنین. بۆیە ئیتر هیچ ئومێدێکمان بە خوێندن نەماوە."
 
بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە وەک هەمیشە هۆکاری وازهێنان و جێمانی قوتابییان بۆ هەندێک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێو خێزانەکان دەگەڕێننەوە.
 
رەزوان حەکیمزادە، جێگری وەزیری پەروەردەی ئێران دەڵێت: "زۆربەی ئەو قوتابییانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە، بەهۆی کێشە ئابوورییەکانی خێزانەکانییانەوە کاریان پێدەکرێت. بەشێکی زۆریشیان بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکاندا بەهۆی دەمارگرژی و نەبوونی کولتووری کۆمەڵایەتیی خێزانەکانییانەوە رێگە بە خوێندنییان نادرێت. بەشێکی بەرچاوی منداڵانی بەجێماو لە خوێندن قوتابییانی بیانین."
 
پسپۆڕانی پەروەردە پێیان وایە ئەو گوتانەی بەرپرسان زیاتر پاساوێکن بۆ ئەوەی شانی خۆیان لەژێر باری بەرپرسیارێتیی بابەتەکان لابدەن، چونکە بەرپرسان بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن سێ خاڵی دەمارگرژیی کولتووریی خێزانەکان، سەختیی رێگەی هاتووچۆ بۆ قوتابییان لە هەندێک لە ناوچەکان و کێشەی ئابووریی خێزانەکان زەق بکەنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نەدەن.
 
مامۆستایەکی قوتابخانەی گوندێکی پارێزگای کرماشان بە پارەی خۆی هەندێک کەلوپەلی پێویست بۆ قوتابیان دەکرێت و بەسەریاندا بەشی دەکات. 
 
پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا بە فەرمی ژمارەی خوێندکارانی بەجێماو لە خوێندنیان رانەگەیاندووە، بەڵام رۆژانە باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو قوتابییانە دەکرێت کە بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پێویست بە خوێندنی ئۆنلاین و پێداویستیی پەروەردەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، بەڵام بەرپرسانی پەروەردە بە هۆکاری نادیار نایخەنەڕوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە