کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیای کەشتیوانیی ئەو وڵاتەدا، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە بەرامبەر سزا نوێیەکانی بەریتانیادا، کاردانەوەی پێشانداوە و ئاماژە بەوە دەکات، "سزاکانی بەریتانیا دژی ئێران نایاسایین و هیچ پاساوێکیان نییە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوابەدوای سەپاندنی سزا نایاساییەکان لە لایەن بەریتانیاوە بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئێران، لەوانەش کۆمپانیای کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیران ئێیەر، بە پاساوی ناردنی مووشەکی بالیستی بۆ رووسیا، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا و ناڕەزایەتیی تووندی ئێرانی لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە نایاساییە و پاساوهەڵنەگرەی حکومەتی بەریتانیا پێ راگەیێندرا".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، عەباس نادری، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری رۆژئاوای ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تووندی ئەو کارەی بەریتانیای سەرکۆنە کردووە و پێی راگەیاندووە، سزا نوێیەکانی بەریتانیا "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و تێکدانی پرەنسیپی ئازادیی کەشتیوانی و بازرگانی دەریایین".
رۆژی دووشەممە، حکومەتی بەریتانیا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ناردنی مووشەکی بالیستی و چەکی دیکە بۆ رووسیا بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی ئۆکرانیا.
سزاکە کۆمپانیای کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆمپانیای ئێران ئێیەری گرتەوە.
عەباس نادری رەتیدەکاتەوە، ئێران مووشەکی بالیستی بۆ رووسیا ناردبێت و دەڵێت، "هاوکاریی رەوا و یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە بوارەکانی بەرگری و ئاسایش دژی هیچ لایەنێکی دیکە نین".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "دەستوەردانی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا لە بواری هاوکارییە بەرگرییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە نایاساییە و بە هیچ شێوەیەک پەسندکراو نییە."
عەباس نادری هۆشداری دەدات کە هەنگاوەکەی بەریتانیا بەرامبەر ئێران بێ وەڵام نامێنێتەوە و بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی لە ئەستۆی لەندەنە.