رووداو دیجیتاڵ
ئێران ژمارەیەک بەرپرس و دامەزراوەی بەریتانیای خستە لیستی رەشەوە دوای ئەوەی لەندەن سزای بەسەر "پۆلیسی رەوشتی" ئێرانیدا سەپاند.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، حەوت دامەزراوەی بەریتانی خراونەتە لیستی سزاکانی تارانەوە، لەنێویاندا نێوەندی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ ئاسایشی سایبەری و رێکخراوی هەواڵگریی پەیوەندییەکانی حکومەت کە بە "جی سی ئێچ کیو" دەناسرێت.
تاران دەڵێت، ئەو دامودەزگا بەریتانییانە "کاری تێکدەر، تووندوتیژی و کاری تیرۆریستییان دژی گەلی ئێرانی کردووە."
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی شاری سەقز لە 16ی ئەیلوولی 2022 لە تاران، کە باوکی دەڵێت کوژراوە، خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.
لە خۆپێشاندانەکاندا تووندوتیژی دروستبوو و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان خۆپێشاندەر و بەشێکیان هێزە ئەمنییەکان بوون؛ هەروەها دەیان کەس دەستگیرکران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات، کۆی گشتی 16 دامەزراوە و کەسایەتیی بەریتانی خراونەتە لیستی رەشەوە "بەهۆی پشتیوانیکردنی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان، هاندانی تیرۆر، بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و رق و کینە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ."
هەردوو کەناڵی بی بی سیی فارسی و ئێران ئینتەرناشناڵ، کە لە بەریتانیاوە بە زمانی فارسی پەخش دەکەن، خراونەتە لیستی رەشەوە.
نۆ کەسایەتییەکەش بریتین لە نوێنەرانی پارتی پارێزگاران لە پەرلەمانی بەریتانیا، لەنێویاندا تۆماس تۆگندهات، وەزیری دەوڵەت بۆ ئاساییش.
سزاکانی ئێران قەدەخەکردنی پێدانی ڤیزا و سڕکردنی سەروەت و سامان لەخۆدەگرێت.
پێشتر بەریتانیا، ئەمریکا و کەنەدا بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافەکانی مرۆڤ، سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند. لەندەن لە 10ی تشرینی یەکەمی 2022 سزای بەسەر "پۆلیسی رەوشتی" ئێران و بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتەدا سەپاندن.
هەروەها یەکێتیی ئەوروپا رۆژی دووشەممە هەمان رێکاری دژی 11 کەسایەتی و 4 دامەزراوەی ئێرانی گرتەبەر لە بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپێشاندانەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ