39 بەندکراوی سیاسی لە ئێران بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتن
رووداو دیجیتاڵ
لە ئێران لێخۆشبوون بۆ نزیکەی 3000 بەندکراو دەکرا، کە 39یان بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراون و سزای لەسێدارەدانی 59 بەندکراویش بۆ بەندکردن گۆڕا.
لەسەر داوای سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ 2887 سزادراو و بەندکراو دەرکرد.
سادق رەحیمی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، لە کۆی ئەو 2887 کەسە کە بەر لێخۆشبوون کەوتوون، 2745 کەسیان لە دادگەکانی شۆڕش و گشتی، 131 کەسیان لەلایەن رێکخراوی سزادانی سەرپێچیکارانی حکومەت و هەروەها 11 کەسیشیان لەلایەن دادگەی تایبەتی هێزە سەربازییەکان سزا درابوون.
رەحیمی دەڵێت، 39 کەس لەو سزادراوانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە، بەندکراوی ئەمنی بوون. بەرپرسانی ئێران بوونی بەندکراوی سیاسی لەو وڵاتە رەتدەکەنەوە و بەندکراوانی سیاسی بە "بەندکراوی ئەمنی" دەناسێنن.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بەهۆی ئەو لێخۆشبوونەوە سزای لەسێدارەدانی 59 بەندکراو گۆڕاوە بۆ بەندکردن.
هەزار و 291 کەس لەوانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە، دۆسیەکەیان دادەخرێت و ئازاد دەکرێن و 1596 کەسیشیان سزاکەیان کەم کراوەتەوە.
140 کەس لەوانەی بەر لێخۆشبوونەکە کەوتوون، ژنن و 40یشیان بیانین و شەش کەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵە.