خەریکە خەونی بەشێکی زۆری شۆفێرانی ئێرانی دێتەدی

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕیاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بیانی لە ئێران
بڕیاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بیانی لە ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئێران بڕیارنامەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بیانی کارکردووی دەرکرد و بەپێی ئەو بڕیارە، هەموو کەسێک دەتوانێت یەکجار ئۆتۆمبێلێک بە ناوی خۆیەوە هاوردە بکات و کەڵکی لێوەربگرێت.
 
ئەحمەد ئاقایی، جێگری وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران دەڵێ "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن، دەبێ سێ بۆ پێنج ساڵ بەسەر دروستکردنیان تێپەڕیبێت. ستانداردە بەرۆژەکانی جیهان و ئەورووپایان هەبێت و هێزی مەکینەیان نابێت لە 2500 سی سی زیاتر بێ."
 
هەروەها رایگەیاند "رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەرهەمی هەموو وڵاتانی ئەورووپایی، کۆریای باشوور و ژاپۆن دەدرێت، تەنیا رێگە بە بەرهەمی ئەمریکی نادرێت."
 
ئۆتۆمبێلی بیانی لە ئێران هەیە، بەڵام پێشتر بە نوێیی هاوردە کراوە. نرخەکانیشیان زۆر بەرزە. ئۆتۆمبێلی چینیش هەیە و نرخی ئەوانیش لە ئێران لانیکەم 100٪ گرانترە لە وڵاتانی دیکە. 
 
خاوەن نووسینگەکان دەڵێن، بە هەزاران ئۆتۆمبێلی چینی لە کۆگەکانی گومرگی ئێراندان و ئەگەر بڕیاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارکردوو جێبەجێ بکرێت، چیدیکە خەڵک ئۆتۆمبێلی چینی یان ئێرانی ناکڕن.
 
خاوەن پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل لە تاران دەڵێ "یەک دونیا لەو ئۆتۆمبێلە بێ کوالێتییە چینییانە لە گومرگدان. بە کێیان دەفرۆشن؟ کێ دەیانکڕێت، کاتێک ئەم کۆرۆلا مۆدیل 2022ـە بە پارەی گومرگەوە بە یەک ملیار و 500 ملیۆن تمەن بگاتە دەست خەڵک، کێ دوو ملیار و سێ ملیار و چوار ملیار بە ئۆتۆمبێلی چینی دەدات؟ تۆپەکەتان هەڵدایە نێو گۆڕەپانی بەڕێز پزیشکیان."
 
لە ئێران دوو کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل هەن. سایپا و ئێران خۆدرۆ. ئەوان رەخنەی ئەوەیان لەسەرە، بە نرخی گران، ئۆتۆمبێلی کوالێتی خراپ بە خەڵک دەفرۆشن. خەڵکیش ناچار بوون بیانکڕن.
 
جەلال رەشیدی کوچی، پەرلەمانتاری پێشووی ئێران باس لەوە دەکات "بەدڵنیاییەوە نرخی ئۆتۆمبێلی بەرهەمی نێوخۆ دادەبەزێت. بۆچی؟ چونکە تۆیۆتایەکی هایبێرد لە وڵاتی ئێمەدا چوار ملیار و نیو تاوەکو پێنج ملیار و نیوە. ئەو ئۆتۆمبێلە خوار 2500 سی سییە و هایبێردیشە و دەکرێ هاوردە بکرێت. تەنانەت ئەگەر گومرگەکەی 100٪ـیش بێت، نرخەکەی لە بازاڕدا دەبێتە یەک ملیار و 600 ملیۆن تمەن. کاتێک نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە ئەوەندە دابەزێت، زۆر بە دووری دەبینم کەس بچێت ئۆتۆمبێلی جۆری تارا بکڕێت بە یەک ملیار و 100 ملیۆن تمەن، بۆیە پێ بە پێ نرخی ئۆتۆمبێلی نێوخۆش دادەبەزێت."
 
ئەگەر بڕیاری هەڵگرتنی قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بیانیی بەکارهاتوو جێبەجێ بکرێت، پیشەسازیی نێوخۆیی ئۆتۆمبێل لە ئێران تووشی کێشەی گەورە دەبێت، بەهۆی ئەوەی لە نرخ و کوالێتیدا ناتوانێ کێبڕکێی رکابەرە بیانییەکانی بکات. قبوڵکردنی ئەوەش بۆ وڵاتێک کە سەربەخۆبوون قسەی سەر زاری بەرپرسە باڵاکانییەتی، ئاسان نابێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوڕپێوانی پیاوێک بۆ ئیمام حوسێن

لوڕستانییەکان لە تاران بەبۆنەی عاشوراوە قوڕ بۆ ئیمام حوسێن دەپێون

لوڕستانییەکانی نیشتەجێی تاران قوڕپێوانە تایبەتەکەی خۆیان بەبۆنەی عاشورا بەڕێوەدەبەن. لە لوڕستان باوە، بەشێک لە ماتەمگێڕانی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیمام حوسێن، بۆ پێشاندانی خەم و پەژارەیان، لە تەپڵی سەر هەتا بەری پێیان قوڕاو بەخۆیاندا دەکەن