رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی سووتەمەنیی ئێران دەڵێت، بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینی ئێرانی، وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان بڕیاریان داوە چیدیکە بەنزینمان لێ نەکڕن و ئێستا لە ئۆزبەکستان و رووسیاوە بەنزین هاوردە دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2023 حەمید حوسێنی، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی سووتەمەنی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند، عێراق و ئەفغانستان بڕیاریان داوە لەمەودوا بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە نەکەن، لەبەرئەوەی کوالێتیی بەنزینی ئێرانی خراپە و ئەوان بازاڕی دیکەیان دۆزیوەتەوە بۆ هاوردەکردنی بەنزین.
حەمید حوسێنی دەڵێت؛ ئەفغانستان لە چەند مانگی رابردوودا چەندین جار بەهۆی خراپیی کوالێتی، بەنزینی ئێرانی گەڕاندووەتەوە و لە عێراقیش بازرگانان بەهۆی خراپییەوە، ناتوانن بەنزینی ئێرانی ساخ بکەنەوە.
سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی سووتەمەنی ئێران گوتیشی، لە ئێران پاڵاوگەی بچووک هەن و بەنزین بە کوالێتی نزم بەرهەم دەهێنن، رەنگی ئەو بەنزینە هاوشێوەی بەنزینی ستانداردی ئێرانی لێدەکەن و بەهۆی ئەوەی لە نێوخۆدا کڕیاری نییە، هەناردەی عێراق و ئەفغانستانی دەکەن.
حەمید حوسێنی پێیوایە؛ بەهۆی ناردنی ئەو بەنزینە خراپە، بەردەوام لە سنوورەکان رێگە لە چوونە ناوەوەی دەگیرێت و تەنانەت ئەگەر رێگەشی پێبدرێت، لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا کڕیاری نابێت.
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی سووتەمەنی ئێران؛ "عێراق و ئەفغانستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانیان، ئێستا بەنزین لە رووسیا و ئۆزبەکستان هاوردە دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ