​ئەو کەسەی جێگەی سەرۆککۆماری ئێران دەگرێتەوە، کێیە؟

20-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی، محەممەد موخبیر، جێگری یەکەمی لەپێشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی ببێتە سەرۆککۆمار و هەمان دەسەڵاتی دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 20-05-2024 میدیای فەرمیی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری بڵاوکردەوە. هۆکاری گیانلەدەستدانی رەئیسی و 8 یاوەرەکەی، کە یەکێکیان وەزیری دەرەوە بوو، تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان بوو کاتێک لە سنووری ئازەربایجانەوە بەرەو تەورێز دەگەڕانەوە. 
 
محەممەد موخبیر، جێگری ئیبراهیم رەئیسی بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران. موخبیر لەدایکبووی ساڵی 1955ـە لە پارێزگەی خوزستان. 
 
موخبیر لە 08-08-2021 لەلایەن ئیبراهیم رەئیسییەوە وەک جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران دەستنیشانکرا.
 
پێش دەستنیشانکردنی، محەممەد موخبیر لە ساڵی 2007ـەوە سەرۆکی بارەگای جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام بوو کە بە (سیتاد) ناسراوە. 
 
موخبیر پیشتر جێگری سەرۆکی کۆمپانیای خوزستان بوو تایبەت بە پەیوەندییەکان. جگە لەوەش، ماوەیەک جێگری وەزیری بازرگانی و گواستنەوە بووە و لە پۆست جێگری پارێزگاری خوزستانیش کاری کردووە.
 
جێگرەکەی رەئیسی دوو بڕوانامەی دکتۆرای هەیە؛ یەکێکیان لە یاسای نێودەوڵەتی و یەکێکی دیکەش لە بەڕێوەبردن.
 
بەگوێرەی مادەی 131 لە دەستووری ئێران، لە ئەگەری مردنی سەرۆککۆمار، جێگری یەکەم بە هەمان دەسەڵاتی سەرۆک دەچێتە شوێنی. 
 
هەروەک لە دەستووردا هاتووە "لە ئەگەری گیانلەدەستدان، لادان، دەستلەکارکێشانەوە، بەردەستنەبوون یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ؛ یان ئەگەر ماوەی سەرۆکایەتی بەبێ دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ کۆتایی پێبێت، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار ئەرکەکان دەگرێتە دەست و هەمان دەسەڵاتی سەرۆکی دەبێت."
 
دەستوور هەروەها داوا دەکات لیژنەیەک پێکبێت کە هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لەخۆبگرێت بۆ ئەوەی لەماوەی 50 رۆژدا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرن، دوای ئەوەی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی کۆتایی تێدا دەکات.
 
یاسایەکی هەموارکراوی دەستووری ئێران لە 1989 دەسەڵاتی بڕیاری کۆتایی دا بە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا عەلی خامنەییە.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دوێنێ (یەکشەممە) بۆ کردنەوەی بەنداوێک چووە پارێزگای تەورێز. لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە بە هێلیکۆپتەر بەرەو تاران دەگەڕایەوە کاتێک تووشی رووداوێک بوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە.
 
موحسین مەنسووری، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆککۆمار گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی و شاندی یاوەری لە تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەدا راگەیاند. 
 
عەباس قوڵیزادە، فەرماندەی سوپای عاشوورا دەڵێت، جەستەی هەندێک لە سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە بەجۆرێک سووتاوە کە ناناسرێنەوە. 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران.

سوپای پاسداران: هێزەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک ئامادەن

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت، هیچ هەڕەشەیەکی جیدی و هاتووچۆیەکی گوماناوی لە کەنداو و نزیک لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران نییە؛ دەشڵێت: "هێزەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە و مەترسییەک ئامادەن و ئاڵای سپی هەڵناکەین".