جێگرانی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان کارەکانیان رایی دەکەن

20-05-2024
لهۆن نەسرەدین
وردەکاریی رووداوەکە
وردەکاریی رووداوەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چی دیکە رەئیسی، سەرۆکە جێ مشتومڕەکەی ئێران لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتە ئامادە نابێت، ئەو لە تەمەنی 63 ساڵیدا، هێلیکۆپتەرەکەی تێکشکا و لەگەڵ یاوەرەکانیدا گیانیان لەدەستدا. 
 
ئیبراهیم رەئیسی هەشتەم سەرۆککۆماری ئێران بوو. ‌هێلیکۆپتەرەکەی لە ناوچەیەک بە هەڵکەوتەی جوگرافیی سەخت تێکشکا. خۆی و هەشت کەس لە یاوەرانی کە دیارترینیان حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بوو.
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران کە پەیامنێرەکەیان لە شوێنی رووداوەکە بوو گوتی، "من درووست لەو شوێنەم کە هێلیکۆپتەری رەئیسی، سەرۆککۆمار و یاوەرانی بەهۆی خراپی کەشوهەواوە تێكشکا و بووەهۆی شەهیدبوونیان."
 
رەئیسی کە هەفتانە گەشتی بۆ پارێزگا جیاجیاکانی ئێران دەکرد، ئەم سەردانەی بۆ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات بۆ کردنەوەی بەنداوی هاوبەشی ئێران و ئازەربایجان، دوایین گەشتی بوو.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی پێشووی ئێران لەو گەشتەدا لەبارەی بەنداوەکە گوتی، "ئەمە یەکێکە لە بەڵگەکان کە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەسەلمێنێت، ئەڵبەتە پەیوەندی ئێمە زۆر لە کردنەوەی بەنداو و رێگە بە‌هێزترە."
 
کردنەوەی بەنداویی هاوبەشی ئێران و ئازەربایجان هۆکاری سەردانەکەی رەئیسی و یاوەرانی بوو بۆ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات.
 
بە فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی رەئیسی، بووە بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەروەها باقری کەنی، جێگری عەبدوڵڵاهیان کرایە بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە