دیارترین وێستگەکانی ژیانی ئیبراهیم رەئیسی

20-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئیبراهیم رەئیسی وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر لە بواری دادوەریدا دەرکەوت و بەرەوپێشچوونێکی دیاری لە دەسەڵاتی دادوەریدا بەخۆیەوە بینی تا دواجار بووە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران. لەوێوە پێگەکەی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەهێز کرد. 
 
سەرۆکە کۆچکردووەکەی ئێران لە ساڵی 1960 لە مەشهەد لە دایکبووە؛ ساڵی 1982 وەکو دیارترین وێستگەی حکومیی ئەوکاتی، بووەتە داواکاری گشتیی کەرەج و هەمەدان. 
 
رەئیسی لە ساڵی 1988 بە تێوەگلان لە "لیژنەی مردن" تۆمەتبار کرا کە بووە هۆی لەسێدارەدانی هەزاران کەس. ساڵێک دواتر رەئیسی کرایە داواکاری گشتیی تاران و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە پۆستەکەیدا مایەوە. 
 
لە 2014-2015  داواکاری گشتیی ئێران بووە؛ لە 2018دا بە بڕیاری عەلی خامنەیی بووە سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران. 
 
لە ساڵی 2019 دا بەهۆی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ عەلی خامنەیی، ئەمریکا خستیە لیستی سزاکانییەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش بە تێوەگلان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پاڵپشتیکردن لە "چالاکیی تیرۆریستی" تۆمەتباری کرد
 
لە تەممووزی 2021، وەکو سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا و شوێنی حەسەن رۆحانیی گرتەوە. دوای وەرگرتنی دەسەڵات، وەکو بەربژێرێکی سەرەکی دەبینرا بۆ شوێنگرتنەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. 
 
لەگەڵ هاتنی بۆ سەر دەسەڵات، چەند قەیرانێک بەرۆکی رەئیسییان گرت؛ وەکو کۆرۆنا، سزا ئابوورییەکان، دژایەتییکردنی حکومەتەکەی و زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. بەپێچەوانەی رۆحانی، رەئیسی رەتیکردەوە پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ رۆژئاوا ببەستێت. لە پرسی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیش "تووند" بوو. 
 
لە ساڵی 2022 دا، لەگەڵ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆری ئێران دەستیان پێکرد. گرژیی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران دروستبوو؛ سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. 
 
لە نیسانی 2024 دا، سوپای ئێران لەژێر فەرمانی رەئیسی، زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. ئەوەش بووە یەکەم هێرشی راستەوخۆی سەربازیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. هێرشەکە لەدوای ئەوە هات کە ئیسرائیل کۆنسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق بۆردوومان کرد و ژمارەیەک سەرکردەی ئێرانی کوژران. 
 
رۆژی 19ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی کاتێک دەگەڕایەوە ناوەندی شاری تەورێز، هێلیکۆپتەرەکەی "بەهۆی سەختیی کەشوهەواوە" لەنێو دارستانێکی پارێزگاکە کەوتە خوارەوە و لە تەمەنی 63 ساڵیدا گیانی لەدەستدا. هەریەکە لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، ئیمام جومعە و پارێزگاری تەورێز لەنێو هەمان هێلیکۆپتەردا بوون. هیچ کامیان بە زیندوویی دەرنەچوون. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 20ـی ئایار لەلایەن درۆنێکی تورکییەوە هێلیکۆپتەرەکەیان دۆزرایەوە و دواتر گیانلەدەستدانیان راگەیێندرا. 
 
 
 
 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە