هاووڵاتییەکی ئێرانی بە "تاوان"ی بردنی "ژنان و کچان بۆ لەشفرۆشی" بۆ دەرەوە لەسێدارەدرا

20-05-2023
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەک بە ناوی شەهروز سوخەنوەری لەسێدارە دراوە، ئەوەش بە تاوانی ئەوەی "ژنان و کچانی ئێرانی بۆ وڵاتانی کەنداو بە قاچاخ بردووە."

ماڵپەڕی میزانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 20-5-2023، بڵاویکردەوە، شەهروز سوخەنوەری ناسراو بە ئەلێکس بە تاوانی "قاچاخیکردن بە مرۆڤ بۆ لەشفرۆشی" بەیانیی ئەمڕۆ لەسێدارەدرا، ئەوەش دوای ئەوەی داواکاری بۆ چاوخشاندنەوە بە سزاکەیدا رەتکرایەوە. 
 
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی میزان، شەهروز سوخەنوەری لە وڵاتی مالیزیا مامۆستا بووە و لە رێگەی پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە بەهاری ساڵی 2020 رادەستی ئێران کراوەتەوە.
 
میزان بڵاویکردووەتەوە، سوخەنوەری سەرپەرشتیاری "تۆڕێکی قاچاخی مرۆڤ" بووە و جگە لە "لەشفرۆشی"، ئەو باندە کاری قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانی بەو ژن و کچانە کردووە و لە دوبەی ماددە هۆشبەرەکانی رادەستی باندەکانی قاچاخی کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، شەهروز سوخەنوەری "بەڵگەنامەی ساختەی خوێندنی" بۆ کچان لە ئێران دروستکردووە و لە ساڵی 2019دا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی دەستیپێکردووە.
 
لەو هەواڵەدا هاتووە، پاییزی ساڵی 2019 دەرکەوتووە کە سوخەنوەری "تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخیکردن بە ژنان و کچانی" ئێرانی بەڕێوە دەبات و گوایە تۆڕەکە چەند لقێکی هەیە و لە دوبەی زیاتر چالاکە.
 
وەک میزان دەڵێت، دامەزراوە ئەمنییەکان ساڵی 2019 ژنێکیان بە ناوی سارا جەرفزادە دەستبەسەرکرد، کە بەرپرسی یەکێک لە لقەکانی تۆڕەکەی سوخەنوەری بوو و "ژنان و کچانی بۆ لەشفرۆشی" بۆ دوبەی دەنارد؛ بە دەستگیرکردنی سارا "گورزێکی گەورە" لەو تۆڕە دەدرێت و دوای ئەوەش "ژمارەیەک کچ و ژنی چالاکی تۆڕەکە" دەستبەسەر دەکرێن.
 
میزان دەشڵێت، ئەو "تۆڕە لەشفرۆشییە کۆمپانیایەکی ساختەیان دروستکردبوو کە کاری وەرگرتنی ڤیزەی خوێندنی بۆ کچان و ژنان دەکرد".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە