وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل: سەرکێشی بکات، پەشیمانی دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دەڵێت، "ئەگەر سەرکێشی بکات، پەشیمانی دەکەینەوە" و درۆنەکانی ئەو وڵاتەش وەک "یاری منداڵان" ناودەبات.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکی گوت، ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی 19-4-2024 روویدا "هێرش نەبوو. چەکەکان زیاتر وەک ئەو یارییانە بوون کە منداڵەکانمان بەکاریان دێنن، نەوەک درۆن".
بەرەبەیانی رۆژی 19-04-2024 میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بیستراوە، بەتایبەتی لە نزیک شارەکانی ئیسفەهان و تەورێز، بەڵام دواتر سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند شارێک چالاککراون و سێ درۆنیان تێکشکاندووە.
عەبدوڵڵاهیان کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کردووە، گوتی، "تاوەکو رژێمی زایۆنی سەرکێشی نوێ بەرامبەر بەرژەوەندییەکانمان نەکات، هیچ کاردانەوەیەکمان نابێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "ئەگەر رژێمی زایۆنی هەنگاوێکی راستەوخۆ دژی وڵاتەکەمان بنێت و ئەوەمان بۆ بسەلمێت، وەڵامی ئێمە دەستبەجێ و بە جۆرێک دەبێت کە ببێتە هۆی پەشیمانبوونەوەی".
تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی نەیگوتووە، ئیسرائیل هێرشەکەی 19ـی نیسانی کردووە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، تەلئەڤیڤ ئەو کارەی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی جەنگی غەززەشی کرد و گوتی، "ئێران هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەسەر هێرشەکەی حەماس لە 07-10-2023 بۆ سەر ئیسرائیل نەبوو. حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازە و دژی داگیرکردنی فەلەستینە لەلایەن ئیسرائیلەوە".
عەبدوڵڵاهیان، بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە "سەرشێت" ناوبرد و گوتی، "ئەوە ئیسرائیلە دانوستاندنەکانی ئاگربەست و بارمتەکانی راگرتووە".
بەگوتەی خۆی، ئیسرائیل "سەرکەوتوو نەبووە" لە جەنگی دژی حەماس، بۆیە "ژن و منداڵ دەکوژێت".
گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە 1ـی نیسانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، کاتێک باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی سووریا کرایە ئامانج و دوو فەرماندە و پێنج راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسداران کوژران.
ئێران، ئیسرائیلی بە "هێرشکار" دانا و دوای 12 رۆژ بە زیاتر لە 300 مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هێرشەکەی ئێران جگە لە زیانی مادی و برینداربوونی یەک کەس، زیانێکی ئەوتۆی نەبوو. سوپای ئیسرائیلیش دوای هێرشەکە رایگەیاند، "لەگەڵ هاوپەیمانان ٪99ـی مووشەک و درۆنەکانمان خستووەتە خوارەوە."
لەبارەی ئەو هێرشەی ئێرانەوە عەبدوڵڵاهیان گوتی، "هێرشەکە تەنیا بۆ هۆشداری بوو. دەمانتوانی لە شارەکانی حەیفا و تەلئەڤیڤ بدەین؛ هەروەها دەمانتوانی بەندەرە ئابوورییەکانی ئیسرائیل بکەینە ئامانج، بەڵام هێڵی سووری ئێمە خەڵکی سڤیلە. ئێمە تەنیا مەبەستی سەربازیمان هەبوو".