رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئامادەکردنی رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران و پێشکێشکردنی بە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی ئەڵمانیا و کاربەرێکەری بەریتانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتەکە کراون.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە، فرۆزەندە وەدیعەتی، بەڕێوەبەری گشتیی ژنان و مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناڕەزایەتیی تووندی تارانی لە بەرامبەر هەڵوێست و رێبازی نابەرپرسیارانەی ئەو دوو وڵاتە گەیاندە باڵیۆزی ئەڵمانیا و کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران.
فرۆزەندە وەدیعەتی بە ئاماژەدان بە پشتیوانی ئەڵمانیا و بەریتانیا لە تاوانە جەنگییەکانی ئیسرائیل، جینۆساید دژی گەلی فەلەستین و پشتیوانی ئەم دوو وڵاتە لە گەمارۆ و سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئەو وڵاتانە لە دۆخێکدا نین، کە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بکەن.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەدیعەتی لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا، ئاماژەی بە رۆڵی ئەو وڵاتە بۆ ناردنی چەکی کیمیایی بۆ رژێمی سەدام لە کاتی شەڕی عێراق و ئێران بۆ بەکارهێنانی لە دژی گەلی ئێران کردووە و بەکارهێنانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ وەک ئامرازێک و بە خراپی سوودوەرگرتن لە پرسی مافەکانی مرۆڤ بۆ گوشارخستنە سەر گەلی ئێران شەرمەزار کردووە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی بەریتانیاش، ئاماژەی بە مێژووی دوورودرێژی دەستێوەردانەکانی بەریتانیا لە کاروباری ناوخۆی ئێران و رێبازە دژە ئێرانییەکەی لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ کرد و ئەم رێوشوێنانەی بە نابنیاتنەر وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەو رێبازە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بێ ناوبانگ دەکات و متمانەی وڵاتان بەو دامەزراوانە لەناو دەبات.
فرۆزەندە وەدیعەتی هەروەها لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رەتکردەوە و رایگەیاندووە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەمیشە ئاشتیانە بووە و لە ژێر چاودێریی چڕی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ