حکومەتی ئێران بڕیاری فرۆشتنی سەتان قوتابخانە دەدات و خێرخوازان هۆشداری دەدەن

22-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئەو خێرخوازانەی لە ئێران قوتابخانەیان دروست کردووە لە بڕیارێکی حکومەتی وڵاتەکەیان ناڕازین
ئەو خێرخوازانەی لە ئێران قوتابخانەیان دروست کردووە لە بڕیارێکی حکومەتی وڵاتەکەیان ناڕازین
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئێران رایگەیاندووە لە چوارچێوەی فرۆشتنی موڵکەکانی حکومەت کە قازانجیان نییە، هەزار و 660 قوتابخانە دەفرۆشێت، ئەم بڕیارە بووەتە مایەی ناڕەزایی خێرخوازان کە زیاتر لە 50٪ـی قوتابخانەکان لەلایەن ئەوانەوە دروست دەکرێت و هۆشداری دەدەنە حکومەتی وڵاتەکەیان لەم هەنگاوە.
 
پلانی فرۆشتنی قوتابخانەکان بە کەرتی تایبەت لە چوارچێوەی پرۆژەی بەرهەمدارکردنی داراییەکانی حکومەت، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەر راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، هەزار و 660 باڵەخانەی قوتابخانە نیوەچڵ و ژمارەیەکی نزیک لەوەش قوتابخانەی کۆن بۆ فرۆش دانراون. بەڵام ئێستا خێرخوازان دەڵێن، ئەو قوتابخانانەی ئەوانیش دروستیان دەکەن، لەو لیستی فرۆشەدان.
 
زەهرا گیتی نەژاد، خێرخواز لەبارەی ئەم هەنگاوە دەڵێ "سەرمان سوڕماوە. خێرخوازەکان کات و ماڵیان بۆ منداڵانی ئەم نیشتمانە تەرخان دەکەن، ئەوان بەرپرسی کورتهێنانی بودجەی حکومەت نین. 70٪ـی قوتابخانەکان خێرخوازەکان دروستیان دەکەن، ئەگەر ئەم قوتابخانانە بفرۆشرێن، ئیدی متمانەیان نامێنێ".
 
بەپێی ئەو پرۆژەیەی حکومەت بۆ فرۆشتنی موڵکەکانی هەیەتی، ئەو موڵکانەی قازانجیان نییە دەفرۆشرێن تاوەکو کڕیار وەبەرهێنانیان تێدا بکەن و لە کۆتاییدا لە کەرتی ئابووری چالاک بن و بەرهەمیان هەبێت.
 
حکومەت بڕی 140 ملیار دۆلار، هەر دۆلارێک بە 50 هەزار تمەن، موڵکی هەیە و دەیەوێ (قوتابخانەکان) بە نزیکەی یەک ملیار بفرۆشێت، بەڵام ئەم پرۆژەیە رەخنەی زۆری لێ دەگیرێت.
 
محەممەد رەزا سەباغیان، پەرلەمانتار دەڵێ "بەرهەمدارکردنی پرۆژەکان پرسیاری لەسەرە. ئەو بەڕێزانە دەڵێن، موڵکەکانی دامودەزگاکان بفرۆشین؛ لە شوێنێکەوە موڵکێکی وەزارەتی پەروەردە بفرۆشن. دەی ئەمە زیرەکییە؟ ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێ کارێک بکەن، کۆمپانیا حکومییەکان بفرۆشن، کە بەڕاستی تەنیا زیان دەکەن".
 
رەخنەکان لەسەر فرۆشی قوتابخانەکان زیاترە، چونکە ئێران خۆی هەر ئێستاش بە گوێرەی پێویست قوتابخانەی نییە و لەبەر بێ پارەیی، پەنا دەباتە بەر خێرخوازەکان قوتابخانەی بۆ دروست بکەن.
 
جگە لەمە، محەممەد رەزا نیک نەژاد، شارەزای پەروەردە دەڵێت: هەندێ لەو قوتابخانانەی دەفرۆشرێن، شوێنێکی بازرگانیی باش و بەهایەکی زۆریان هەیە و هەندێکی دیکەشیان وەک شوێنەواری مێژوویین.
 
ئەوە جگە لەوەی کە قسە هەیە پرۆسەی فرۆشیان ئەگەری گەندەڵیی تێدا هەیە.
 
محەممەد رەزا سەباغیان، پەرلەمانتار گوتی "دەتانەوێ موڵک بە کێ بفرۆشن؟ کام موڵک دەفرۆشن؟ کێ دەیکڕێت؟ هەر کەس بیکڕێت، بە هەر شێوەیەک بفرۆشرێت، بە هەر نرخێک بفرۆشرێت، هیچ رێگایەک بۆ رەخنەگرتن نییە".
 
بەڵام حکومەت بۆچوونێکی ئەرێنی بۆ ئەم پرۆژەیە هەیە. ئیحسان خاندووزی، وەزیری ئابووری دەڵێ "ئێمە لە بەرهەمدارکردنی موڵکەکانی حکومەت هەوڵدەدەین بەشێکی زۆری شوێنەکان، زەوی، کۆگاکان و شتە بێ سوودەکانی دیکە، بە بەرهەمهێنەران و کەسانی دیکە بدەین بۆ ئەوەی وەبەرهێنانیان تێدا بکەن. بە مەرجی بەرهەمێنان پێیان دەدرێت".
 
پێشتر حکومەت لە پرۆژەیەکی هاوشێوەدا بۆ فرۆشی کارگە و موڵکەکانی سەرکەوتوو نەبوو و گەندەڵی زۆری تێدا کرا، زۆر کەس پێیان وایە ئەم پرۆژەیەش بە دەردی ئەو دەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە