وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێویستە هێزەکانمان لە سووریا بمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی روانگەی وڵاتەکەی لەبارەی ئێران و سووریا کرد، گوتی ئەگەر لە سووریا حکومەتێک پێکنەیەت کە بەشداریی بە هەمووان بکات، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەراوێز دەخرێت، سەبارەت بە ئێرانیش رایگەیاند، ئەم ساڵ، ساڵێکی خراپ بوو بۆ دەسەڵاتدارانی تاران.
چوارشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی یەک کاژێریدا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییە سیاسییەکان، کە ناوەندێکی تینک تانکە، سەرنجی لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکایە و بنکەی سەرەکی لە شاری نیویۆرکە، رایگەیاند سەرەڕای ناکۆکییە قووڵەکانی ئیدارەکانی ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران، هێشتا رێگەی سیاسی و دیپلۆماسی، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بلینکن گوتی "دەبێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەو بڕیارە بدات. بینیمان جاری پێشوو سەرۆک ترەمپ لە رێککەوتنامەی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و رایگەیاند دەبێت رێککەوتنێکی بەهێزتر هەبێت، ئەمەش رەنگە رێگەیەکی باشتر بێت، بەڵام هەر کەسێک لە واشنتن بێت، پابەندە بەوەی رێگە نەدات ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "هیچ گومان لەوەدا نییە، ئەم ساڵ، ساڵێکی خراپ بوو بۆ ئێران. هەموو رۆژێکیش ئەو راستییە دەبینین، بۆیە پێموایە دەبێت ئێران هەندێ بڕیاری بنەڕەتیی بدات. لەوانە هەوڵبدات وڵاتێکی باشتر و سەرکەوتوو بنیات بنێت, کە خواستی هەموو ئێرانییەکانە و کۆتایی بەوە بهێنێت خۆی لە پرسەکانی ناوچەکە و جیهانیشەوە تێوەبگلێنێت."
لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، جگە لە گیانلەدەستدانی ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان، ئیسرائیل بە چڕی ھێزەکانی نزیک لە ئێرانی لە لوبنان، سووریا و یەمەن کردووەتە ئامانج و زیانێکی گەورەی بە توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپانە گەیاندووە. ئەمە بێجگە لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوویا، کە بە ھاوپەیمانی سەرەکیی ئێران لە ناوچەکە دەبینرا.
"نابێت تەحریر شام ئەزموونی تاڵیبان و ئەسەد دووبارە بکاتەوە"
لە 8ـی ئەم مانگەوە رژێمی سووریا گۆڕدرا، دەستەی تەحریری شام کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا و حکومەتێکی کاتیی بۆ ماوەی سێ مانگ پێکهێنا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دەستەی تەحریر شامەوە رایگەیاند، پێویستە ئەوان ئەو بەڵێنانەی داویانە، جێبەجێی بکەن و هەوڵبدەن لە دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان فێربن، گوتی "پرۆژەکەی تاڵیبان ئەوەبوو هەوڵیدا رووخسارێکی مۆدێرن پێشانی جیهان بدات، کاتێک ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردەوە، بەڵام دواتر بینیمان دەموچاوە راستەقینەکەی دەرکەوتەوە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو زیاتر لە جیهاندا پەراوێزخرا، بۆیە ئەگەر لایەنێکی دەسەڵاتداری نوێ بیت لە سووریا، ئەگەر ناتەوێت پەراوێزبخرێیت، هەندێک شت هەیە دەبێت رەچاوی بکەیت بۆ پێشخستنی وڵات."
بلینکن ئاماژە بەوەش دەکات دەبێت دەستەی تەحریر شام پەند لە ئەزموونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد وەربگرێت و هەموو لایەنەکان بەشداری سیاسیی پێ بکات، گوتی "رازینەبوونی ئەسەد کە لایەنەکان بەشداری پێنەکات لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی، لەکۆتاییدا بووە هۆی رووخانی." بۆیە دەڵێت دەیانەوێت، حکومەتێک ببینن کە تایفەگەری نەبێت و پێکهاتەکان بپارێزێت، هەروەها چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەکان بکات، لەگەڵ درێژەدان بە شەڕی دژی داعش و لەنێوبردنی کۆگەکانی چەکی کیمیایی
"مانەوە لە سووریا"
مەترسییەکی دیکەی سووریای نوێ، ئەگەری رووبەڕووبوونەوە و فراوانبوونی شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، ئەمە جگە لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لەو ناوچەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ دەبێت ئیدارەی ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دا بهێڵێتەوە تاوەکو رێگەنەدرێت جارێکی دیکە داعش خۆی رێکبخاتەوە و بەهێز ببێتەوە.
بلینکن گوتی "یەکێک لە کارە سەرکەوتووەکانی سەرۆک ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا ئەوە بوو؛ سەرکەوتووانە کۆتایی بەو ئەرکە هێنا، کە لە ئیدارەی ئۆباماوە دەستیپێکرد، ئەویش لەنێوبردنی خەلافەتەکەی داعش بوو. دوا بزماری سەر تابووتەکەی داعش کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە بوو، ئەوەش لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک ترەمپدا بوو، بۆیە پێموایە سەرۆک ترەمپ هەوڵدەدات دڵنیابێتەوە لەوەی رێگەنەدات داعش لە سووریا سەرهەڵبداتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە، باشترین رێگە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو ئامانجە بەدیبێت، ئەوەیە "هێزی پێویست لەوێ بهێڵینەوە، یان هاوبەشەکانمان کە ئەو ئەرکەیان لەگەڵ ئێمە دا جێبەجێکردووە، بتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری دەدات لەوەی رووداوە نێوخۆییەکانی سووریا تەنیا لەنێو سنوورەکانی ئەو وڵاتە دا نامێننەوە و کاریگەرییان لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش دەبێت، دەڵێ "ئێمە دەزانین لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونەی لە سووریا هەیە، ئەوەی لە سووریا روودەدات، هەر لە سووریا دا نامێنێتەوە، جا ئەوەی ببێتە پێگەیەک بۆ تیرۆرستان، یان ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەودیو سنوورەکانی سووریاوە هەیە."