بەنزینخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاککران

19-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژێک دوای هاککردنی زۆربەی بەنزینخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمپانیای نیشتیمانیی پاڵاوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند، کێشەی 40٪ی ئەو بەنزینخانانەی کە هاککرابوون، چارەسەر کراوە و هەوڵ دەدەن تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ سیستمی ئەلیکترۆنی بەنزینخانەکانی دیکەش چالاک بکرێن.
 
لە رۆژی دووشەممەوە زۆربەی بەنزینخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاککراون و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە دەڵێن، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە و توانیویانە لە بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان دەست بە دابەشکردنی بەنزین بکەن.
 
جەواد ئۆجی، وەزیری نەوتی ئێران، هاککردنی بەنزینخانەکانی ئەو وڵاتەی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و هەوڵدەدەن بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی بە جەواد ئۆجی، وەزیری نەوت کردووە، بە زووترین کات کێشەی هاککردنی بەنزینخانەکان چارەسەر بکات.
 
گرووپێکی هاککردن بە ناوی "چۆلەکەی دڕ" بەرپرسیارێتی هاککردنی بەنزینخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە و رایگەیاندووە، دەیانتوانی هەموو بەنزینخانەکان لەکار بخەن بەڵام بەشێوەیەکی سنووردار ئەو کارەیان کردووە. 
 
جەعفەر سالاری نەسەب، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتیمانیی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە لە کاژێر 9ی بەیانییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە کێشەیەک لە سیستمی ئەلیکترۆنی دابەشکردنی سووتەمەنیی روویداوە و 60٪ی بەنزیخانەکان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە هاککراون، بۆیە هەر زوو تیمی کۆنترۆڵی قەیرانیان پێکهێناوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی کێشەکە کردووە.
 
ئەمرۆ سێشەممە، 19-12-2023، جەلیل سالاری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتیمانیی پاڵاوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانیش رایگەیاند، 4200 بەنزینخانە لە سەرانسەری ئەو وڵاتە هاککراون، بە هەوڵدانی تیمەکانیان تائێستا توانیویانە کێشەی هاککردنی 40٪ی بەنزینخانەکان چارەسەر بکەن، بەڵام بەگشتی لە 4000 بەنزینخانە دابەشکردنی بەنزین دەستیپێکردووە، کە لە بەشێک لەو شوێنانە خەڵک دەتوانن لە دەرەوەی سیستمی ئەلیکترۆنی و بە نرخی ئازاد بەنزین وەربگرن.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوێنێوە تائێستا کێشەی هاککردنی 30٪ی بەنزینخانەکان چارەسەر کراوە.
 
ئەحمەد موجەرەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ورمێ رایگەیاند، "لە هەموو پارێزگای ورمێ 230 بەنزینخانە هەن، کە بە هەوڵدانی تیمەکانمان کێشەی هاککردنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە 70 بەنزینخانە چارەسەر کراوە و لەو شوێنانە خەڵک دەتوانن بە کارت بەنزین وەربگرن".
 
ئەحمەد موجەرەد گوتی، ئێستا لە 70٪ی بەنزینخانەکانی دیکەی پارێزگاکە بەنزین بە نرخی ئازاد و بەشێوەی ئۆفلاین دابەش دەکرێت و هێشتا کێشەی ئەو شوێنانە چارەسەرنەکراوە، بەڵام هەوڵدانی تیمەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامە و بە ‌هیوان تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکرێت.
 
لە پارێزگای سنە، کە بەهۆی هاککردنەوە 89 بەنزینخانە لە کار کەوتبوون، ئەمڕۆ سێشەممە راگەیێندرا کە لە هەموو بەنزینخانەکان دابەشکردنی بەنزین دەستیپێکردووە، بەڵام کێشەی هاککردنەکە هێشتا چارەسەرنەکراوە.
 
جەهانبەخش نۆکانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتیمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سنە شەوی رابردوو رایگەیاندبوو، لە 89 بەنزینخانەی پارێزگاکە کە هاککراون، لە 75یان بەشێوەی ئۆفلاین و بە نرخی ئازاد بەنزین دەفرۆشرێت.
 
بە گوتەی جەهانبەخش نۆکانی، تیمەکانیان هەوڵدەدەن بە زووترین کات کێشەی هاککردنی بەنزیخانەکان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە کارت و بە نرخی حکومی بەنزین بکڕن.
 
لە پارێزگای کرماشانیش هەموو بەنزینخانەکان و وێستگە سووتەمەنییەکان هاککران.
 
عەلی شەعبانی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە هەموو پارێزگاکە 162 وێستگەی بەنزین و گاز هەن، کە 125یان کاری دابەشکردنی بەنزین دەکەن و ئێستا لە هەر هەموویان دابەشکردنی بەنزین بەشێوەی دەستی دەستپێکردووە.
 
پەیمان بەهرامی، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کرماشانیش دەڵێت، تائێستا تەنیا لە 46 بەنزینخانە کێشەی هاککردنەکە چارەسەر کراوە.
لە لۆرستانیش لە 99 بەنزینخانە تەنیا 19یان چالاکن، لە بەنزینخانەکانی دیکەش بە شێوەی ئۆفلاین بەنزین دابەش دەکرێت.
 
شەمسەدین حوسێنی، سەرپەرشتی کۆمپانیای نیشتیمانی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی لۆرستان دەڵێت، ئێستا 19 بەنزینخانە لە تەواوی پارێزگاکە چالاکن و کێشەیان چارەسەر کراوە.
 
بە گوتەی پەرویز ئیدون، بەڕێوەبەڕی کۆمپانیای نیشتیمانی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئیلامیش، لە 59 بەنزینخانەی سنووری ئەو پارێزگایە، دابەشکردنی بەنزین لە 46 بەنزینخانە دەستیپێکردووە کە لە 11یان کێشەی هاککردن چارەسەر راوە و لە ئەوانی دیکە بە شێوەی ئۆفلاین بەنزین دابەش دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە