ئێران لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر دامەزراوەکانیدا نیگەرانە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''ئەو سزا نوێیانەی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا بەسەر ئێراندا سەپاندوویانن، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و لەسەر بنەمای تۆمەتی نادروستن تایبەت بە گواستنەوەی مووشەک بۆ رووسیا".
رۆژی سێشەممە، 19ی تشرینی دووەم، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "سزای نوێی یهكێتیی ئهورووپا و بەریتانیا بهسهر ژمارهیهك له دامهزراوهكانمان، بە پشتبەستن به بانگهشهیهكی نادروستی ناردنی مووشهكی بالیستی بۆ رووسیا بووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "بڕیارەکە پێچهوانهی پێوهرهكانی یاسای نێودهوڵهتییە و به تووندی سهركۆنهی دهكهین".
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو تواناکانی خۆی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لەگەڵ هاوبەشەکانی بە کاردەهێنێت".
رۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران، ئەوەش بە تۆمەتی دابینکردنی مووشەکی بالیستی بۆ رووسیا بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕی ئۆکراینا.
هەروەها حکومەتی بەریتانیا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، بە تۆمەتی ناردنی مووشەکی بالیستی و چەکی دیکە بۆ رووسیا بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی ئۆکرانیا.
گرووپی هێڵی کەشتییەکانی ئێران و بەندەرەکانی ئەنزەلی و ئەمیرئاباد لەسەر دەریای قەزوین لە باکووری ئێران و سێ کۆمپانیای رووسیا کەوتنە بەر سزای وڵاتانی ئەورووپا.