خامنەیی: کۆچی سنوار بەئازارە، بەڵام بەرخودان بەردەوامە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، بە کوژرانی سنوار بەرەی موقاوەمە ناوەستێت، حەماس زیندووە و هەر زیندوو دەمێنێتەوە.
 
رۆژی شەممە 19-10-2024 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بەبۆنەی کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسەوە بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و ئازەری پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
خامنەیی نووسیویەتی، "پاڵەوان و موجاهید، سەرکردە یەحیا سنوار چووە ریزی هاوڕێ شەهیدەکانی. یەحیا سنوار لە دژی دووژمنی نادادپەروەر و شەڕانگێز پۆڵا ئاسا وەستا."
 
رۆژی چوارشەممە 16-10-2024 چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل لە شاری رەفەحی باشووری غەززە، چەند چەکدارێک دەبینن، دوای تەقەلێکردن و بۆردوومان کردنیانم دەردەکەوێت سێ چەکدار کوژراون. بۆ رۆژی دواتر سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "گومان دەکرێت یەحیا سنوار کوژرابێت، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دەکرێت و ئەنجامەکەی بڵاودەکرێتەوە."
 
دوای چەند کاژێرێک، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سنواری بڵاوکردەوە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوە کۆتایی جەنگ نییە، بەڵام ئەوە دەستپێکی کۆتاییە."
 
دوێنێ هەینی، بزووتنەوەی حەماسیش کوژرانی سنواری راگەیاند و گوتی، "یەحیا سنوار شەهید بوو، مەرجی ئازادکردنی بارمتەکان ئەوەیە ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە."
 
خامنەیی زیاتر لەبارەی سنوار نووسیویەتی و دەڵێت، "بۆ کەسێکی وەکو یەحیا سنوار، کە هەموو ژیانی لە بەرەنگاربوونەوەی دووژمنی ستەمکاردا تەرخان کرد، جگە لە شەهیدبوون شایستەی هیچ چارەنووسێکی دیکە نەبوو. لەدەستدانی یەحیا سنوار بۆ بەرەی موقاوەمە بەئازارە، بەڵام ئەو بەرەیە بە شەهیدبوونی سەرکردەکانی وەکو شێخ ئەحمەد یاسین، فەتحی شەقاقی، رەنتیسی و ئیسماعیل هەنییە نەوەستا و ئێستاش بە شەهیدبوونی سنوار بچووکترین وەستان بەخۆیەوە نابینێت."
 
لە کۆتایی پەیامەکەشدا، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە، حەماس زیندووە و هەر زیندوو دەمێنێتەوە، "وەک هەمیشە ئێمە لەگەڵ موجاهیدەکانی فەلەستین دەوەستین."
 
دوێنێ هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس ئاماژەی بە کوژرانی سنوار کرد: "چارەنووسی ئەو، کە لە دوایین وێنەیدا بە جوانی وێنە کراوە، بەربەست نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشە بۆ جەنگاوەرانی بەرخودان لە سەرانسەری ناوچەکە، فەلەستینی و نافەلەستینی."
 
عێراقچی گوتیشی، "یەحیا سنوار لە مردن نەترسا، بەڵکو شەهیدبوونی لە غەززە ویست، ئەو بوێرانە تاوەکو کۆتایی لە بەرەکانی جەنگ، جەنگا."
 
دەقی پەیامەکەی عەلی خامنەیی:
 
"بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان،
 
جەماوەرە موسڵمانە ئازیزەکان، گەنجە بەغیرەتەکانی ناوچەکە
 
پاڵەوان و موجاهید، سەرکردە یەحیا سنوار چووە ریزی هاوڕێیە شەهیدەکانی. یەحیا سنوار لە دژی دووژمنی نادادپەروەر و شەڕانگێز پۆڵا ئاسا وەستا، بە هێز و داناییەوە مامەڵەی لەگەڵ دووژمنکرد. بۆ کەسێکی وەکو یەحیا سنوار، کە هەموو ژیانی لە بەرانگاربوونەوەی دووژمنی ستەمکاردا تەرخانکرد، جگە لە شەهید بوون شایستەی هیچ چارەنووسێکی دیکە نەبوو. لەدەستدانی یەحیا سنوار بۆ بەرەی موقاوەمە بە ئازارە، بەڵام ئەو بەرەیە بە شەهید بوونی سەرکردەکانی وەکو شێخ ئەحمەد یاسین، فەتحی شەقاقی، رەنتیسی و ئیسماعیل هەنییە نەوەستا و ئێستاش بە شەهیدبوونی سنوار بچووکترین وەستان بەخۆیەوە نابینێت. حەماس زیندووە و هەر زیندوو دەمێنێتەوە. وەک هەمیشە ئێمە لەگەڵ موجاهیدەکانی فەلەستین دەوەستین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە