کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران: 60 چالاکڤان و رۆژنامەڤان بێ ئەوەی بەشداریی خۆپێشاندان بکەن، دەستگیرکراون

19-10-2022
دانا عومەر
   دیمەنێک لە خۆپێشاندانەکانی ئێران. وێنە: Reuters
دیمەنێک لە خۆپێشاندانەکانی ئێران. وێنە: Reuters
A+ A-

رووداو دیجتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، حکومەتی ئێران 60 چالاکڤانان و رۆژنامەڤانی دەستگیرکردووە بێ ئەوەی بەشدارییان لە خۆپێشاندا کردبێت. لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی گرتووخانەی ئێڤینی تارانیشەوە دەڵێت، "ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاترن کە راگەیێندراوە" و داوا دەکات نەتەوەیەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەبارەی کوژراوان و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بکات.
 
ماوەی 33 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. مەحموود ئەمیری موقەدەم، سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران لە بوولتەنی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات، گوتی: لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو سێ رۆژ لەمەوبەر، 250 کەس کوژراون؛ 27 کەسیان خوار تەمەنی 18 ساڵن و نزیکەی 30 رۆژنامەڤان دەستگیرکراون کە دووانیان ژنن. 
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران، لە هەفتەی سێیەمی خۆپێشاندانەکانەوە حکومەتی ئێران هەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکڤانان و رۆژنامەڤانی دەسپێکردووە و نزیکەی 60 رۆژنامەڤان و چالاکڤانیان دەستگیرکردووە، بەبێ ئەوەی بەشدارییان لە خۆپێشاندا کردبێت.
 
رۆژی 15ی ئەم مانگە ئاگر لە زیندانی ئێڤینی تاران کەوتەوە و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند کە بەهۆیەوە هەشت زیندانی گیانیان لەدەستداوە. مەحموود ئەمیری موقەدەم لەبارەی ئەو رووداوەوە گوتی: چەند رۆژێک بەر لە ئاگرکەوتنەوەکە زیندانییانی گرتووخانەی ئێڤین دەستیان بە خۆپێشاندان و مانگرتن کردووە، هێزی زۆر بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایی زیندانییان براوە و هێرشیان کردووەتە سەر زیندانییان و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و تەقەیان کردووە، لە ژووری بەرگدروونی زیندانەکەشدا کە ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە دەرگا لەسەر چەند زیندانییەک داخراوە.
 
نزیکەی دوو هەفتەیە ئێران هیچ ئامارێکی کوژران، برینداربوون و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەر و چالاکڤانانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رۆژی سێشەممە 18-10-2022 ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، زۆربەی دەستبەسەرکراوان دوای چەند رۆژێک لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان ئازادکراون و دەکرێن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: ژماری کوژراوانی زیندانی ئێڤین لەوە زیاترە کە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندووە؛ هەروەها داوا دەکات نەتەوەیەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەبارەی ژماری کوژراوان و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بکات.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران لەبارەی گەڕانەوەی ئێڵناز روکابی، کچە وەرزشڤانی ئێرانی کە بەبێ لەچک بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکی نێودەوڵەتی لە کۆریای باشوور کردبوو، دەڵێت: ئێلیناز دوای ئەوەی بەبێ لەچک دەرکەوت 24 کاژێر دیارنەما و کەس هەواڵی نەدەزانی، لە شەوی رابردووشەوە کە گەڕاوەتەوە ئێران مەترسی ئەوە هەیە گوشار بخرێتە سەری و لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە قسەی پێبکرێت و ناچاری بکەن پەشیمانبوونەوەی لەکارەکەی رابگەیێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە