لە ئێران چارەسەری کێشەی نەزۆکی گوشاری ئابووریی لەسەر چوار ملیۆن هاوژین دادەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

تێچووی چارەسەری نەزۆکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەردەمی گوشارە ئابوورییەکاندا، یەک لە کێشە جیددییەکانی زیاتر لە چوار ملیۆن خێزانە کە بەهۆی نەزۆکییەوە روویان لە ناوەندەکانی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە کردووە. یەکەم بڕیارەکانی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، بیمەکردنی هاوژینە نەزۆکەکان بوو کە بڕیاربوو لە دوایین مانگی هاوینەوە جێبەجێ بکرێت.
 
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ئێران رایگەیاند، "تێچووی دەرمان و چارەسەری نەزۆکیش چووەتە ژێر چاودێریی بیمە و بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە کە پەسندکراوە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەبێت ستانداردەکانی دەرمان بۆ ئەو بابەتە دابینبکات. ئەمە رووداوێکی گەورەیە، چونکە چارەسەری نەزۆکی پێویستی بە تێچوویەکی زۆرە و داواکاریی ژمارەیەکی زۆری خێزانەکانیشە".
 
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ لە راپۆرتێکی مەیدانیی میدیاکانی ئێراندا، باس لەوە کراوە تێچووی چارەسەر و دەرمانی نەزۆکی، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئەو هاوژینانەی نەزۆکن و بە ئومێدی منداڵبوون روو دەکەنە سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە. لە راپۆرتەکەدا باس لە تێچووی 70 ملیۆن تمەن بۆ هەر قۆناخێکی وەرگرتنی چارەسەر کراوە و ئاماژە بەوەش دراوە، ناوەندەکانی چارەسەری نەخۆشی، بە جۆرێک بوونەتە بنکەیەکی بازرگانی.
 
بەپێی ئاماری نووسینگەی تەندروستیی خێزانی لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەو وڵاتە 26 ملیۆن هاوژین هەن و 15%یان نەزۆکن، کە ژمارەیان دەکاتە نزیکەی چوار ملیۆن هاوژین و ساڵانە 70 بۆ 80 هەزار هاوژین بۆ ئەو ژمارەیە زیاد دەبێت. لە کاتێکدا لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا 35 هەزار منداڵ لە ناوەندەکانی چارەسەری نەزۆکی، بە دنیا هاتوون. بەپێی ئەو ئامارە 70% هاوژینە نەزۆکەکان بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن چارەسەری نەزۆکییەکەیان بکەن.
 
د. حەمید چوبینە، پسپۆڕی دەرمانی نەزۆکی دەڵێت، "ئامارەکان زۆر جیاوازن، بەڵام دوایەمین لێکۆڵینەوەی ناوەندی دەرمانی نەزۆکی ئیبن سینا دەڵێت؛ زیاتر لە 20%ی هاوژینەکان، کێشەی نەزۆکییان هەیە، لە کاتێکدا ئاماری جیهانی 12% بۆ 15%ـە و ئەمە مەترسیدارە. تاوەکو چەند ساڵ پێش ئێستا رێژەی ژنان 40% و پیاوانیش 40% بوو کە 20%یشی هۆکاری نادیار بوو، بەڵام ئێستا خەریکە رێژەی پیاوانی نەزۆک زیاتر دەبێت".
 
لە 30 ساڵی رابردوودا سێ ناوەندی گەورەی چارەسەری نەزۆکی لە شارەکانی یەزد، ئیسفەهان و تاران کراونەتەوە کە یەک لەوانە ناوەندی لێکۆڵینەوە و چارەسەری نەزۆکیی روویانە، کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاوژینی نەزۆک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە وڵاتانی بیانیشەوە رووی تێدەکەن بۆئەوەی ببنە خاوەنی منداڵ.
 
د. ئەحمەد وسووق، جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی نەزۆکیی رویان ئاماژەی بەوە کردووە، "دوایین ئامارێک کە لەبەردەستدایە ئەوەیە، تاوەکو پێش کردنەوەی ناوەندەکەی ئێمە، ساڵانە زیاتر لە 100 خێزان دەچوونە وڵاتانی بیانی بۆ چارەسەرکردنی نەزۆکی و بەو هۆیەش بڕێکی زۆری دراویش دەچووە دەرەوە. لەو 100 خێزانە تەنیا 10 خێزان دەبوونە خاوەنی منداڵ، بەڵام ئێستا ناوەندەکەی ئێمە بەرامبەرە لەگەڵ پسپۆڕانەترین ناوەندەکانی چارەسەرکردنی نەزۆکی لە جیهاندا و ساڵانە لە 34 وڵاتەوە، هاوژینی نەزۆک دێنە ناوەندەکەی ئێمە بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەزۆکی".
 
بەهۆی گوشارە ئابوورییەکان، وەرگرتنی چارەسەری نەزۆکی لەنێو خێزانەکاندا، بووەتە کێشەیەکی جیددی کە زۆرجار بووەتە هۆی جیابوونەوەی هاوژینەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق.