سەرۆککۆماری ئێران: درۆنمان بۆ رووسیا نەناردووە

19-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن ئێڕان ئۆکراینا رووسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا یارمەتیی رووسیای دابێت و، درۆنی بۆ سوپای رووسیا ناردبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمریکا، تۆمەتباری دەکات بەوەی درۆنی بۆ رووسیا ناردووە و یارمەتیشی داوە لە دروستکردنی درۆندا. 
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە دژی ئەو شەڕەین لە ئۆکراینا".
 
سەرەڕای ئەوەی ئێران بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دادەندرێت، بەڵام رەئیسی دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا بکات.
 
رەئیسی نەیشاردەوە؛ پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان تاران و مۆسکۆدا هەیە، بەڵام رەتیکردەوە لەوەتەی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستیپێکردووە، ئێران چەکی بۆ رووسیا ناردبێت و، دەڵێ "ئەگەر ئەوان (ئەمریکا) بەڵگەیان هەیە کە ئێران دوای دەستپێکردنی شەڕ، درۆنی بۆ رووسیا ناردبێت، دەبێت بیخەنەڕوو."
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی رابردوو، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام ئێرانیان بە یارمەتیدانی رووسیا تۆمەتبار کردووە. 
 
بەگوێرەی پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکی، ئێران زیاتر لە 10 جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە، کە خۆی لە درۆنی چاودێری، هێرش و بۆمبڕێژکراودا دەبینێتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەی درۆنە ئێرانییەکان ئاشکرا نەکراوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، تاران 2 هەزار و 400 درۆنی بۆ رووسیا دابینکردووە، کە ئەوانیش شاهید-136، کاماکازی و موهاجیر-6ـن و، رووسیا بۆ مەبەستی هێرشکردن و چاودێریکردنی جموجۆڵی سەربازانی ئۆکراینا بەکاریهێناون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە