پەرلەمانی ئێران شیاوبوونی 5 وەزیری پێشنیازکراو تاوتوێ دەکات

19-08-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاوتوێکردنی شیاوبوونی وەزیرانی پێشنیازکراوی کابینەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران بەردەوامە و لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی پەرلەماندا شیاوبوونی 5 وەزیر تاوتوێ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، پێنجەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران بۆ تاوتوێکردنی شیاوبوونی ژمارەیەکی دیکە لە وەزیرانی پێشنیازکراوی کابینەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت.
 
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات و 206 پەرلەمانتار ئامادەن.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، بڕیارە ئەمڕۆ شیاوبوونی غولامڕەزا نووری، وەزیری پێشنیازکراوی کشتوکاڵ؛ ئەمین حوسێن رەحیمی، وەزیری پێشنیازکراوی داد؛ عەزیز نەسیرزادە، وەزیری پێشنیازکراوی بەرگری؛ فەرزانە سادق مالواجرد، وەزیری پێشنیازکراوی رێگەوبان و شارسازی؛ سەیید محەممەد ئەتابەک، وەزیری پێشنیازکراوی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی و حوسێن سیمایی سەڕاف، وەزیری پێشنیازکراوی زانست، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیا لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە تاوتوێ بکرێت.
 
لە دوو رۆژی رابردوودا پەرلەمانی ئێران چوار کۆبوونەوەی بۆ تاوتوێکردنی شیاوبوونی وەزیرانی پێشنیازکراوی کابینەی پزیشکیان ئەنجام داوە. لەو چوار کۆبوونەوەیەدا شیاوبوونی عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پێشنیازکراوی پەروردە؛ سەتار هاشمی، وەزیری پێشنیازکراوی گەیاندن و تەکنۆلۆژیای زانیاری؛ سەیید ئیسماعیل خەتیب، وەزیری پێشنیازکراوی ئیتلاعات؛ عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری پێشنیازکراوی ئابووری و کاروباری دارایی؛ عەباس عێراقچی، وەزیری پێشنیازکراوی دەرەوە؛ محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری پێشنیازکراوی تەندروستی؛ ئەحمەد مێیدەری، وەزیری پێشنیازکراوی کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانیان گفتوگۆی لەسەر کرا.
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە،21 ی ئابی 2024، پەرلەمانی ئێران بەمەبەستی دەنگدان بۆ پێدانی متمانە بە وەزیرانی پێنشنیازکراوی کابینەی مەسعود پزیشکیان کۆببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە